لاوێکی کورد لە نزیک زانکۆی ورمێ دەسبەسەر کرا

هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ماکۆیان، لە شاری ورمێ دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، لاوێکی کورد بە ناوی “حەمید بەلخکانلوو”، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری ماکۆ، لە نزیک زانکۆی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ساڵی ٩٦دا، بە تۆمەتی “چالاکیی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران”، لە درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیامنوور، بێبەری کرابوو.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “عادڵ سالم‌ فەرد”، کوڕی سەنعان، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران”، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی قورس لە گرتنگە ئازاد کرابوون.

“عادڵ سالم‌ فەرد”، لەدایکبووی ساڵی ٦٨ی هەتاوی، لە گوندی “میراوێـ”ـی شاری شنۆ و خوێندکاری ماف لە زانکۆی پەیامنووری شاری مەهاباد بووە.