هێزە ئیتلاعاتییەکانی ورمێ، هاووڵاتییەکی شنۆیان دەسبەسەر کرد

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “عادڵ سالم‌ فەرد”، کوڕی سەنعان، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان، “جوبرەئیل سالم فرد”یان لەگەڵ “عادڵ” دەسبەسەر و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ناوبراویان ئازاد کردبوو.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: “ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەریدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، ئازار و ئەشکەنجە درابوون.”

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی “عادڵ سالم فەرد”، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

“جوبرەئیل و عادڵ سالم فەرد”، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران”، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی قورس لە گرتنگە ئازاد کرابوون.