هەڵاواردنی سوننە مەزهەبەکانی کوردستان لە دەزگا قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامیدا

خەڵکی دانیشتووی شارەکانی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەموو جارێک لە مافە قەزایی و ڕەواکانی خۆیان لە بەرانبەر دەسەڵاتدا بێبەش دەبن. لە باری ئایینییەوە ڕادەی دانیشتوانی سوننە مەزهەبی کوردستان لە ئێران لە شیعە مەزهەبەکان زیاترە بەڵام هەموو جارێک لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە یاساکان هەڵدەواسرێن و بە شێوەیێکی جیاواز چاویان لێ دەکرێت. شایانی باسە کە قازی و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە شارە کوردنشینەکاندا زیاتر خەڵکی شارەکانی دیکەن و لەباری ئایینییەوە شیعەن و هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەیکە لەکاتی بڕیاردانی دەزگا قەزاییەکان سوننە مەزهەبەکان لە مافی خۆیان بێبەش بن و بە شێوەی ناڕەوا بڕیاریان لەسەر بدرێت. خەڵکی سوننە مەزهەبی کوردستان لە ناوەندە قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامیدا داوای مافی درووستی خۆیان کردوە بەڵام کاربەدەستان بێ وەبەرچاو گرتن بڕیاری خۆیان داوە و تەنانەت بەبۆنەی کوردبوون و سوننە بوونیانەوە زیاتر لە حوکمی خۆیان سزا دەدرێن.
پارێزگاری شاری سنە بەدوای ناڕەزایەتی دەربڕینی زۆری خەڵک لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە کاربەدەستانی ناوەندە قەزاییەکان لە شارە کورد نشینەکاندا دەبێ وەکوو مرۆڤ و یاسای مەزهەبی سوننە لەگەڵ خەڵکی کورد و سوننە مەزهەبدا بڕیار بدەن و یاساکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ڕادە توند نەکەنەوە. “بەهمەن مورادنیا” لەو بارەوە وتی:” خەڵکی شارە کورد نشینەکان زۆرتر سوننە مەزهەبن و دەبێ وەکوو خۆیان ڕێزیان لێ بگیردرێت”. جێگای ئاماژەیە کە شارە کورد نشینەکان زۆربەی ئایین و مەزهەبەکانی تێدایە بەڵام کۆماری ئیسلامی هیچ لەو ئایینانە لەبەرچاو ناگرێت و بەپێی ویستی خۆی بڕیار دەدا.