هاونیشتمانییەکی بەهایی بە ١٠ ساڵ زیندان سزا درا

سۆفیا موبینی شارۆمەندێکی بەهایی خەڵکی شاری تاران لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای “ئینقلاب”ی ئەو شارە بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
سۆفیا موبینی لە ڕەزبەی ٩٦ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمی ٢٠٠ ساڵەی لە دایک‌بوونی “بەهائەڵڵا” ڕێبەری ئایینی بەهاییەکان، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و پاشان بە دانانی بارمتەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆڕتی هێرانا لە بڕیارنامەی دادگا، سۆفیا موبینی بە تاوانی ڕێکخستنی گرووپ و کۆڕی نایاسایی و هەوڵدان بە دژی ئاسایشی وڵات ” لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
سزای ١٠ ساڵ زیندان بۆ سەر ئەو ژنە چالاکە لە کاتیكدایە کە بە پێی مادەی ٤٩٩ لە یاسای سزای ئیسلامی ” ئەندامبوون لە ڕێکخراوی نایاسایی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات” سزای ئەو تاوانە ئەوپەڕەکەی ٥ ساڵ زیندانە.
هەروەها ژنە بەهاییەکی دیکەش بە ناوی نگین تەدریسی بە هەمان تاوانی سۆفیا موبینی بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
جێی‌وەبیرهێنانەوەیە هاونیشتمانییانی بەهایی لە مافە ئایینییەکانی خۆیان لە ژێر سیستمی کۆماری ئیسلامی بێبەرین و بە هەڵاوادنی سیستماتیک مافەکانیان پێشێل دەکرێ.
بە پێی ئامارە نافەرمییەکان لە ئێران زیاتر لە سێ‌سەد هەزار بەهایی هەیە و بەڵام لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا ئیسلام و مسیحیەت و یهوودیەت و زەردەشتی بە فەرمی ناسراون و هەربۆیە هاونیشتمانییانی بەهایی چەندین ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر دەچەوسێنەوە.