پاش مانگێک چارەنووسی زارا محەممەدی هێشتا ناڕوونە

زارا محەممەدی پاش مانگێک لە دەسبەسەرکرانی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە هەروەها چارەنووسی ناروونە.
زارا محەممەدی کچە چالاکی مەدەنی و بەرپرسی گشتیی ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژینە لە سنە و، یەکێکە لە مامۆستایانی ڕێزمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، کە لە ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی بە هۆکاری ناڕوون دەسبەسەرکراوەو تا ئێستا لە هۆکاری ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لە بەدەست‌دا نییە.
زارا محەممەدی تەمەن ٢٨ساڵ بە ڕەچەڵەك خەڵکی ئاوایی سەرەواڵەی شاری دێولانەو ئێستا نیشتەجێی شارۆچکەی نایسەری سنەیەو لە زانکۆی بیرجەند بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆ پۆلتیکی وەرگرتووە.
تا ئێستا کۆمەڵێک ئەنجوومەن و ڕێکخراوەی جیهانی وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ و ئەنجوومەنی قەڵەمی کوردی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک دەسبەسەرکرانی “زارا محەممەد”یان مەحکووم کردوە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە رۆژی پێنج‌شەممە ٢ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بە ناوەکانی زارا محەممەدی، ئیدریس منبەری، رێبوار منبەری کە لە بەڕێوەبەرانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژینن بە هۆکاری ناڕوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەسبەسەرکران و دوای بەداوداچوونی زۆر بڕیار بوو ڕۆژی شەممە ٤ی جۆزەردان هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو سێ چالاکە فەرهەنگییە ڕوون ببێتەوە. بەڵام سەرەڕای گوشارەکان و بەدواداچوونەوەکان بوو بە مانگێک و هێشتا چارەنووسی زارا محەممەدی ناڕوونە.