دەسبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنی لە کامیاران

بە پێی هەواڵێک کە لە لاپەڕەی فەرمیی “نۆژین” بڵاوکراوەتەوە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ٥ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری کامیاران هێرشیان کردۆتە سەرماڵی سیروان ئیبراهیمی و دەستبەسەریان کردووە.
سیروان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی لقی کامیارانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژینە کە چەند ساڵە وەکوو مامۆستای ڕێزمانی کوردی لەو ئەنجوومەنەدا چالاکە.
شایانی باسە کە یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجومانی نۆژین لە ئاوایی لۆن سەر بە کامیاران بە ناوی منەت رەحمانی ڕۆژی پێشتر لە ماڵی خۆیدا دەسبەسەر کرابوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ زارا مەحەممەدی بەرپرسی ئەنجومەنی نۆژین لە گەڵ ،ئیدریس منبەری .ڕێبوار منبەری دوو ئەندامی ئەنجومەنی ناوبراو لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بە بێ هیچ بەڵگەو لێپرسینەوەیەک لە ماڵی خۆیان لە” نایسەر” ی سەر بە سنە قۆڵبەستکران و کە دوای چوار ڕۆژ ئیدریس منبەری و ڕێبوار منبەری ئازاد کران، بەڵام هێشتا لە چارەنووسی زارا موحەممەدی بەرپرسی ئەم ڕێکخراوەیە پاش زیاتر لە ٣٥ ڕۆژ هیچ هەواڵێک لە بەردەستدا نییەو هەوڵی بنەماڵەکانیشیان بۆ ئاگاداری لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە.
جێی ئاماژەیە دوای دەسبەسەرکردنی زارا مەحەممەدی چالاکانی مەدەنی ڕۆژهەڵات کەمپەینێکی هەزاران کەسییان ڕێکخست کە دواتر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە هاک کرا.
جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین لە ساڵی ٩٠وە بۆ پەرەپێدان بە زمان و ئەدەبی کوردی لە پارێزگای سنە چالاکەو ، لە شارەکانی ئەو پارێزگایەدا وەکوو، سنە، سەقز، بانە ، کامیاران و دێولان لقی هەیەو، هەروەها زیاتر لە ٧٠ گوندی ئەو پارێزگایەدا چالاکی هەیە.