سەردانی چالاکانی “مەدەنی و مافی مرۆڤ “لە بنەماڵەی زارا مەحەممەدی

بە پێ هەواڵە خۆجێیەکان ،بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە کوردستان چاویان بە بنەماڵەی “زارا مەحەممەدی” بەرپرسی ئەنجومەنی نۆژینی سنە کەوت، کە بۆ مانگ ونیوێک دەچی بە هۆکاری نادیار لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیدایە و چارەنووسی نادیارە و هۆکاری دەسبەسەرکرانیشی ڕوون نەبۆتەوە.
لەو چاوپێکەوتنەدا کەسایەتی ئایینی کاک” حەسەن ئەمینی”بەرپرسی قوتابخانەی ئیمام بوخاری سنە گوتی :هیوادارم زارا هەرچی زووتر ئازاد بکرێ.
ناوبراو لەم چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند، ئەم شێوە هەڵسووکەوتانە لە گەڵ چالاکانی مەدەنیدا هیچ ئاکامێکی بێجگە لە قووڵتر کردنەوەی کێشەکانی کۆمەڵگا لێناکەوێتەوە. کە هیوادارم کۆتایی پێ بێنن و زارایش ئازاد بکرێت .
لەو دیدارەدا بنەماڵەی زارا مەحەممەدی سپاسی هاوڕێی و هاودڵی خەڵک و چالاکانی مەدەنییان کرد و هیوایان خواست کە کچەکەیان هەرچی زووتر ئازاد بکرێت.
جێ وەبیر هێنانەوەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ سێ چالاکی مەدەنی بە ناوەکانی زارا مەحەممەدی ،ئیدریس منبەریو ڕێبوار منبەری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەرکران کە دوای چوار ڕۆژ ئیدریس و ڕێبوار منبەری ئازادکران ،بەڵام زارا مەحەممەدی کە بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژینە تا ئێستاش بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە گرتووخانەدایە.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێ کە ئەنجومەنی نۆژین خەریکی فێرکردنی خوێندن و نووسینی زمانی کوردییە لە شارە و گوندەکانی پارێزگای سنە.