بەهاری ۹۸، وەرزێکی نوێ لە سەرکوت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ

“چاونیوز”

[ ڕاپۆرتی بەشێک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی، هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ]

کوردستانی ئێران لە سێ مانگی بەهاری ۱۳۹۸ و لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵدا هەمدیسان وەک ساڵان و وەرزەکانی ڕابردوو بەشی شێری لە سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەموو بەستێنە سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا پێ‌بڕا.

بەپێی ئەو داتا و زانیار‌ییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لای خۆی تۆماری کردوون، لە ماوەی سێ مانگی بەهاردا زیاتر لە ۳۸۶ حاڵەتی پێشێلکردنی زبری مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕووی داوە.

لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا  لانیکەم۷۰ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و ناسناوی ۵۶ کەس لەوانی تۆمار کردوە. لەو ۵۶ کەسە ۲۴ کەس کوژراون و ۳۲ کەسیش بریندار بوون. له‌و ۲۴ کۆڵبەر و کاسبکاره‌ کە کوژراون، ۱۵ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، ۵ کۆڵبەر و کاسبکاریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی یان وەرگەڕانی ترۆمبیلەکانیان مردوون و ۴ کۆڵبەریش بەهۆی کەوتنە ژێر ڕنوو و مانەوە لە سەرما و بەستەڵەکی سەرەتای ساڵدا لە سەرما ڕەق هەڵاتوون. لەو  32 کۆڵبەرەش کە بریندار بوون، ۳۰ کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون، کۆڵبەرێکیان بەهۆی تەقینەوەی مین لە بن پێیدا بریندار بووە و کۆڵبەریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بووە.

کوژران و برینداربوونی لانیکەم ئەم ۷۰ کۆڵبەر و کاسبکارەی کورد لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا ۲۴۲ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دابوو و بریندار ببوون و لەو ۲۴۲ قوربانییە ۸۰ کەسیان کوژرابوون و ۱۶۲ کەسیش بریندار ببوون.

هەر لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا ۱۰۶ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ۲۷ کەس لەوان حوکمی ۵ مانگ تا ۲۰ ساڵ (سەرجەم ۹۷۱ مانگ) زیندانییان بەسەردا سەپاوە.

گرتنی لانیکەم ۱۰۶  کەس و حوکمدانی ۲۷ کەس لەوان لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێک دایە کە پارەکەش لانیکەم ۶۴۱ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ۶۴۱ کەسەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوون، لانیکەم ۱۶۵ کەسیان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی ۳۰ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپابوو. هەروەها ۵ بەندکراوی کوردیش بەتۆمەتی موحاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو و ۳ بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا و لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندرابوو.

هەروەها لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا لانیکەم ۷ بەندکراوی کورد کە بە تاوانی کوشتنی بەئانقەست حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی سنە، کرماشان، زەنجان و مەراغەدا زەنجان لە دار دراون. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردووش لانیکەم ۴۹ زیندانیی کوردی لە دار دابوو کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته‌، دەبینین له‌و بوارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا کورد هه‌ر به‌شی شێری به‌رکه‌وتوه‌.

لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکانیش لە کوردستان زیاتر لە ۱۴ قوربانیی وەرگرتووە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ۸ کەس لەوانی ئاشکرا کردووە. لەو ۸ قوربانییەی تەقینەوەی مین کە ناویان ئاشکرا کراوە یەک کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ۷ کەسیش بریندار بوون. تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم ۴۸ قوربانیی وەرگرتبوو کە لەو ۴۸ کەسە ۳۷ کەسیان بریندار و نقوستان ببوون و ۱۱ کەسیشیان گیانیان لەدەست دابوو.

هەر لەو ماوەیەدا، واتە وەرزی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ۲۹ کرێکاری کورد لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار و ۸ لەوان بەهۆی جۆراوجۆری ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە. ئاماری خۆکوژییەکانیش لە کوردستان بەهۆی پەرەسەندنی خەمۆکی و قەیرانەکانی بێکاری و ئابووری و هەروەها؛ کەمتەرخەمیی دامودەزگا دەوڵەتی‌ و حکوومییەکانەوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەی بەهاردا دیار و بەرچاو بوو. لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا هەر نەبێ ۹۶ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتووە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ۷۲ کەس لەوانی تۆمار کردوە. شایانی باسە لە ساڵی ڕابردووشا لانیکەم ۱۷۰ کەس لەو سەدان کەسەی هەوڵی خۆکوشتنیان دابوو، بەداخەوە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو ببوو کە ۶۲ کەسیان پیاو و ۱۰۸ کەسیان ژن بوون.

لە کۆتاییدا ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە  کوردستانی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بەمیدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و درووستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ده‌خرێته‌ به‌رچاو.

بۆ وردەکاریی زیاتری ئەم ڕاپۆرتە سەردانی ئەم لینکە بکەن: