عەبدوڵڵا وەیسی زیاتر لە دوومانگە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە

هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان کە زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە، هێشتا چارەنووسی نادیارە و لە دەستبەسەرگە ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو سەرەڕای تێپەڕ بوونی ٧٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی ”عەبدوڵڵا وەیسی“ خەڵکی مەریوان، ناوبراو هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی  ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی وەیسی لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، بنەماڵەی وەیسی لەو ماوەیەدا توانیویانە یەک جار چاویان پێ بکەوێت.

عەبدوڵڵا وەیسی تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی گوندی گوڵچێری مەریوان، ڕۆژی شەممە ٢٩ی پوشپەڕ ی ٢٧١٩ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠١٩)،  دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە خۆشک و کچێ عەبدوڵڵا وەیسی چالاکی سیاسی و ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ناوەندە ئەمنییەکان گوشارێکی لەڕادەبەدەر بخەنە سەر ناوبراو و بنەماڵەکەی.