دەسبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی لە شاری دێولان

یەکێک لە ژینگەپارێزانی شاری دێولان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکرا.
بە پێی سەرچاوە خۆجێیەکانی هەواڵ ، شەوی ڕابردوو ٦ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی ”سیروان ڕەحیمی” چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی دێولانی، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لەلایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
کەسێکی نزیک لە سیروان ڕەحیمی بە “کوردستان وکورد”ی ڕاگەیاند کە ئەو ژینگەپارێزە شەوی ڕابردوو بە بێ هیچ هۆکارێک لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولانەوە دەسبەسەر و بنەماڵەکەی لە شوێنی ڕاگرتنی و هۆکاری دەسبەسەرکرانی بێخەبەرن.
شایانی باسە کە چەند ساڵێکە ژینگەپارێزی و چالاکیی مەدەنی لە ناوچەی لەیلاخ و بە تایبەتی لە شاری دێولان لە پەرەسەندن دایە و توانیویەتی لە وشیارکردنەوەی خەڵک لە هەمبەر پرسە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکان ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن.
جێی‌ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی رابردوودا دەیان کەسیان دەسبەسەر کردووە کە بێجگە لەوەی چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی بوونە هیچ تاوانێکی دیکەیان نەبووە.