موژگان کاووسی حوکمی ٦٩ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا

 موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری  کوردی خەڵکی شاری کەلاردەشت لە باکووری ئێران، لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (١٩ دێسامبری ٢٠١٩)، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شاری کەلاردەشت لەلایەن دادگای بەرایی شاری نەوشەهەر لە باکووری ئێران بە سێ تۆمەتی جیاواز سەرجەم حوکمی ٦٩ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کاووسی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە ڕاگەیاند کە، موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٠ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٣ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، موژگان تەنیا بە تۆمەتی نووسینی پۆستێکی ئیستاگرامی کە نووسیبووی “بێ دەنگی خیانەتە” و لەگەڵ وێنەی گیانبەختکردوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی ڕابردووی مەریوان و جوانڕۆ بڵاوی کردبوویەوە، حوکمی ٣٣ مانگ بەنکرانی بە سەردا سەپاوە.

موژگان کاووسی لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە و ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی پێدراوە کە تانە لەو بڕیارە بدات. ناوبراو هەر ئەو ڕۆژە و دوای دانیشتنی دادگا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی  دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر کرا.

موژگان کاووسی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز (١٠ی دێسامبر) دوای یەک حەفتە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساری بۆ بەندیخانەی شاری نەوشەهر گوازرابوویەوە.

ئەو نووسەرە کوردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین وتاری لەسەر زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە کورتە  فیلمێکی بەڵگەیی بە ناوی “هیوا” بەرهەم هێناوە. ناوەڕۆکی ئەو فیلمە باس لە سەر مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لە نێو کوردەکانی کەلاردەشت  لەپارێزگای مازندەرانی باکووری ئێران دەکا.

موژگان کاووسی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور،بەرهەمی عارف قوربانی نووسەری خەڵکی کەرکووکی، بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێراوەتەوە.