مانگرتنی پێنج زیندانیی سیاسیی لە زیندانەکانی تاران و ورمێ

چوار زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین و زیندانییەک لە زیندانی ورمێ لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانەوە مانیان لە خواردن گرتووە،
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، ٤ زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی “بارزان محەممەدی،ڕەزا محەممەدحوسەینی، مەهدی مسکین نەواز و خالد پیرزادە” لە زیندانی ئێڤینی تاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی زیندان و قبوولنەکردنی داواکارییەکانیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە کە بریتین لە جیاکردنەوەی زیندانییەکان بە پێی جۆری تاوانەکانیان و هەروەها حوکمی قورسی دادگای سەرەتایی بەبێ ئەوەی مافی پێداچوونەوەیان پێدرابێ و نەبوونی مۆڵەت بۆ چوونەدەرەوەی بە مەرج، لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوییەوە مانیان لە خواردن گرتوە.
هەروەها بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو زیندانییەکی مەزهەبی لە زیندانی ورمێ بە ناوی “عەبدولسەلام موراد ڕزگە” خەڵکی شنۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دیارنەبوونی تاوان و چارەنووسی پاش زیاتر لە یەکساڵ لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانەوە مانی لە خواردن گرتووە.
شایانی باسە کە بارزان محەممەدی لە نامەیەکدا، دەیەی فەجری بە دەیەی زەجر ناوبردووە و بە بۆنەی ساڵوەگەڕی هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران و دەسپێکی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەخۆشی لە خەڵکی ئێران کردووە.