عادڵ بەهرامی دوای دیپۆرت کرانەوە بۆ ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە

عادڵ بەهرامی، پەنابەری کورد کە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە بۆ ئیران دیپۆرت کرایەوە، پاش ماوەیەک ڕاگیران لە شاری خۆی، بۆ ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتووعادڵ بەهرامی، چالاکی سیاسی کورد کە ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٦ی دێسامبری ٢٠١٩)، لەگەڵ ٣٣ پەنابەری دیکە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لە سنووری ئورمیە دیپۆرتی ئێران کرابوونەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و لەژێر لێپرسینەوەدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عادڵ بەهرامی دوای دیپۆرتکرانەوە بۆ ماوەی چەند حەفتە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری خۆی ڕاگیراوە و دوای چەند ڕۆژ گوازراوەتەوە بۆ بەنەدیخانەی ئەو شارە و دواجار لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی درێژەدانی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە ناوبراو، بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەت، تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئیران”یان خستووەتە پاڵ ناوبراو.