پەریسا سەیفی ١٠ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو پەریسا سەیفی، چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی خەڵکی کامیاران لە کاتێکدا پای ناوەتە ناو سەدەمین ڕۆژی دەستبەسەر کرانی کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٩ی فێوریەی ٢٠٢٠)  بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی چارەنووسی و هەروەها گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سەیفی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەواڵنێری هەنگاو ڕاگەیاند کە، بنەماڵەی ناوبراو ئەمڕۆ لە دادگای شۆڕشی شاری سنە ڕۆڵەکەیان بینیوە و بەهۆی مانگرتن لە خواردن دۆخی دەروونی و جەستەیی ناجێگیر بووە.

بڕیار بووە کە ئەمڕؤ سێشەممە ٢٩ی ڕێبەندان (١٨ی فیوریە) دانیشتنی دادگای شۆڕشی سنە بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە کەیسی ناوبراو بەڕێوە بجێت، بەڵام بە هۆی دژایەتی دادوەر ئەو دانیشتنە بۆ جارێکی دیکە دواخراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە، ماوەی ٤ حەفتەیە کە کەیسی پەریسا سەیفی دراوەتە دادگای شۆڕشی شاری سنە، بەڵام هەرجار بە بیانوویەک دانیشتنەکە دوا دەخەن.

پەریسا سەیفی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای شاری سنە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار پەریسا سەیفی بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندنەکانی خەڵکی کوردستان بە مەبەستی شەرمەزار کردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر کراوە.