مامۆستایەکی زمانی کوردی حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

چالاکێکی مەدەنی خەڵکی کامیاران کە مامۆستای زمانی کوردی و هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سیروان ئیبراهیمی، چالاکی مەدەنی خەڵکی کامیاران کە هاوکات مامۆستای زمانی کوردی و بەپرسی لقی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لەو شارە بووە، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سنە حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

ئەو حوکمە بە تۆمەتی ”هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی“ بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.

سیروان ئیبراهیمی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٥ی پووشپەڕی ٢٧١٩  (٢٦ی ژوئیەی ٢٠١٩)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧١٩(١٢ی سێپتامبری ٢٠١٩)، دوای دوو مانگ و نیو بەندکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.