ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە سنە دادگایی کرا

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی موکریان، ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، موختار زارعی چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس، بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەبلیغ دژی نیزام لە دادگای شاری سنە داگایی کرا.
ناوبراو ساڵی ڕابردوو نامەیەکی سەرئاواڵەی لە پێنج لاپەڕەدا بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسی و کۆمەڵیک بابەتی ورووژاندبوو، کۆمەڵێک رەخنەی لێگرتبوو و چەند پرسیارێکی لە ناوبراو کردبوو. ئەو نامەیەی ناوبراو لە ماست مێدیادا بڵاو بۆوە و دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دژایەتی لەگەڵ هەر ڕەخنە و بۆچوونیکی ئازاد هەیە، ڕەخنەکانی “موختار زارعی”یان ڕوو بە عەلی خامنەیی بە تۆمەت لێکدایەوە و لە لایەن هێزەکای ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا.
موختار زارعی لە دادگادا دیفاعی لە بۆچوونەکەی خۆی کرد و ڕایگەیاند کە هیچ کەس لە ڕەخنە و کەموکوڕی بێبەری نییە و پێویستە ئەو کەسانە وەڵامی ڕەخنەکانی من بدەنەوە کە قەڵەم بەدەست هاوڕای ڕێبەری کۆماری ئیسلامین نەک قەڵەمی قازی و حوکمی دادوەر.
لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕێبەر بە سێبەری خوا لەسەر زەوی پێناسە دەکرێ و هیچ کەس حەقی نییە ڕەخنەی لێبگرێ چونکە ناوبراو بێ هەڵە و کەموکوڕییە و هەرچی گوتی دەبێ بێ ئەملاولا جێبەجێ بکرێ.