کەمپەینێک بۆ ڕزگارکردنی گیانی بەرزان محەممەدی بەندکراوی سیاسیی کورد

لە سەردەستی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد و چەند کەس لە هاوبەندییەکانی بەرزان محەممەدی، کەمپەینێک بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو بەندکراوە پێکهاتووە.
بەرزان محەممەدی کە ساڵی ڕابردوو لە کاتی خۆپێشاندانەکان لە شاری تاران دەسبەسەرکراوە، لە دۆخێکی نالەبار بەسەر دەبا و تەندرووستی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە مەترسی دایە و، هەربۆیە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە هەوڵدان ڕای گشتی لە دۆخی ئەو بەندکراوە ئاگادار بکەنەوە.
بەرزان محەممەدی خەڵکی ئاوایی گۆشخانی سەربە شاری سەوڵاوا لە ناوچەی مەریوان، ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژ لە پارکی “دانشجو”ی تاران لە کاتی خۆپێشاندانەکان، دەسبەسەرکرا و پاش ماوەیەک ئازارو ئەشکەنجە کردنی لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات لە لایەن لقی ١٥ی دادگای “ئینقلاب”ی تاران بە حوکمی دادوەر سەڵواتی بە تاوانی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” و “هەوڵدان بەدژی ڕێژیم” و “بەشداریی کردن لە خۆپێشاندانەکان” بە ٦ ساڵ زیندان سزا درا، کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ بە ٣ ساڵ و نیو.
بە گوتەی یەکێک لە کەسانی نیزیک بە بەرزان محەممەدی، ناوبراو لە ڕەوتی دادگایی کردنیدا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش کراوەو، هەروەها بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دۆخی خراپی زیندانی فشافوویە کە تەنانەت ئاوی خواردنەکەشی بەکار نایەت دەستی داوەتە مانگرتن لەخواردن.
دوای سەپاندنی ئەو سزا ناڕەوایە، ناوبراو لە بەندیخانەی فشافوویەی تاران ڕاگیراوەو هیچکام لە داوکارییەکانی کە مافی ڕەوای خۆیە لە لایەن بەرپرسانی قەزاییەوە جێبەجێ نەکراون.
بەرزان محەممەدی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر دۆخی خراپی بەندیخانەی فشافوویە و هەروەها ئەوەی کە بۆ زیندانی ئێڤین یان زیندانی شاری مەریوان بیگوازنەوە، لە ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاوییەوە دەستی داوەتە مانگرتن.
جێی‌وەبیر هێنانەوەیە کە گرتووخانەی فشافوویە لە خراپترین گرتووخانەکانی ئێرانە کە بەشێکی بەرچاو لە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی لەوێدا ڕاگیراون.
کەمپەینی هەوڵدان بۆ نەجاتی گیانی بەرزان محەممەدی لە بانگەوازێک‌دا داوای لە هاونیشتمانییان کردوە کە شەوی شەممە ٢١ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاوی کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی کرماشان بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لە هەلومەرجی بەرزان محەممەدی لە زریانێکی تویتەریدا بەشداریی بکەن.