دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە

خۆڕاگری: چەکدارەکانی ڕێژیم بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندێکی سەقز و ژنێکی خەڵکی ئەو گوندەیان بەناوی “ناهید کەسنەزانی” دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی “١ی سێبتامبری ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “کەسنەزان”ـی سەربە شاری سەقز و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی، ناهید کەسنەزانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندەیان دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بە شێوازێکی دڕەندانە و بە شەش ئۆتۆمبێلی سەربازی و ژمارەیەکی زۆر هێزی چەکدار، هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو گوندە لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراودا، ئەو هێزانە دۆخێکی ترسێنەر و سەربازییان بەسەر گوندی کەسنەزاندا سەپاندووە و ڕێگرییان لە هاتنە دەرەوەی دانیشتووانی گوندەکە لە ماڵەکانیان کردووە.

جێی ئاماژەیە کە، هێزە داگیرکەرەکان لە درێژەی گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە، ناچاریان کردوون کە سەرجەم کەلوپەلە کەسییەکانی ڕادەستیان بکەن و هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، چارەنووسی ناهید کەسنەزانی نادیارە و هۆکاری دەسبەسەرکردنیشی لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕانەگەیەندراوە و بنەماڵەکەشی لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردان و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگیرانی کچەکەیان لە بەردەستدا نییە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*