خۆڕاگری:عەلیئەسغەر ئەحمەدپەنا، لاوی تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی بیجاڕ، ماوەی دوو حەفتەیە بۆ دووەمجار لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٧ی ژووئەنی ٢٠٢٦) عەلیئەسغەر ئەحمەدپەناه، لاوی تەمەن ١٩ساڵانی خەڵكی شاری بیجاڕ و دانیشتووی شاری تاران، دوای بانگکردنی بح یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی تاران، هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و ئێستا ماوەی ١۵ ڕۆژە کە لە بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە.
ناوبراو تووشی نەخۆشیی “فێ”ـیە و ژیانی پەیوەستە بە بەکارهێنانی بەردەوامی ڕۆژانەی حەب و دەرمان، بەهۆی پێشینەی بێبەشکردنی لە دەرمانەکانی لە ماوەی دەسبەسەرکردنی پێشوویدا و بارودۆخی نەگونجاوی تەندروستی و دەرمانی بەندیخانەی تارانی گەورە، کەسوکار و بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە سەبارەت بە نەخۆشی و کەوتنە مەترسیی تەندروستیی جەستەیی ناوبراو نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.
شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ۱۹ ساڵە، پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۸ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، لە ڕەوتی ناڕەزاییەکان لە شاری تاران لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و هەروەها ناوبراو لەو دەسبەسەرکردنەدا کە ۳ مانگی خایاندبوو، لە گرتنگە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە سەختی لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دابوو و لەئاکامدا بە دانانی بارمتەی ۳ ملیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

Be the first to comment