دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی خەڵکی مەریوان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: میلاد خورشیدی، مامۆستای خەڵکی سەوڵاوای مەریوان، لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ڕۆژی شەممە، ۱٤ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٥ی سێپتامبری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا میلاد خورشیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لە کاتی پشکنینی ماڵەکەشیدا، دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە.
ناوبراو دوای دەسبەسەرکردنی، بۆ گرتنگەی سەرکوتکەری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە گوازراوەتەوە و لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دەروونیدا بووە بە مەبەستی ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگرن.
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر دەسبەسەرکردنی ئەم مامۆستایەدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە، لەبەردەستدا نییە و بنەماڵەکەشی لەو ماوەیەدا سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی کوڕەکەیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*