سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، سزای ١٤ ساڵ بەندکردنی بەسەر سامان قادری، هاووڵاتیی تەمەنی ٣٧ ساڵانی خەڵکی ورمێ و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا سەپاند.
ڕۆژی شەممە، ۱٤ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٥ی سێپتامبری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: بەپێی ئەو بڕیارەی کە لەلایەن قازی “ئێمان ئەفشار”ـەوە دەرکراوە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەرمانان ئەمساڵ، ئەو سزایە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە، سامان قادری بە تۆمەتی کردەوە دژی ئاسایشی نیشتمانی، سزای ١١ ساڵ و بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە کۆماری ئیسلامی، سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو دژ بەم بڕیارە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و داوای پێداچوونەوەی بە دۆسیەکەیدا کردووە و ئێستا کە لە بەندیخانەی “تارانی گەورە” ڕاگیراوە، کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە گرتنگە سەرکوتکەرەکانەوە گوازرایەوە بە بەندیخانەی تارانی گەورە.
شایانی باسە کە، سامان قادری بەهۆی بەشداریکردن و پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەسبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لە بەندیخانەدا ڕاگیراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*