خۆڕاگری: مونا دەباغ، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی ڕێڕیم لەو شارە، دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی تێپەراندنی ماوەی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن کە پێشتر بەسەریدا سەپێندرابوو، دەسبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ی زایینی)، مونا دەباغ، وانەبێژی زمانی ئینگلیسی لە چەندین خوێندنگەی شاری سنە، دوای بانگکردن و ئامادەبوونی لە لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە، هەرلەوێ دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی کە ۳ساڵ و ٦مانگە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی ڕێژیم، سزای ١ ساڵ بەندکردنی بە سەردا سەپێندرابوو و ئەم سزایەش لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە هەر وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
شایانی باسە کە، مونا دەباغ پێشتر ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، لەدوای هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ شوێنی کارەکەی، بە بیانووی وەڵامدانەوە بە چەند پرسیارێک لەلایەن جێگری دادستانەوە، دەسبەسەر کرابوو و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرابۆوە و هەروها لە کۆتاییدا دوای ١٢ ڕۆژ ڕاگیران، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

Be the first to comment