خۆڕاگری: عەلیڕەزا سپاهی و عەلیڕەا ڕەیسی، دوو دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئیسفەهان، لەلایەن کۆماری ئیسلامییە لە سێدارە دران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی “٥ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” سزای لەسێدارەدانی عەلیڕەزا سپاهی و عەلیڕەزا ڕەئیسی، کە دوو کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی و تۆمەتبارانی دۆسیەی ناسراو بە “مەیدانی عەلیخانیی ئیسفەهان” بوون، لە بەندیخانەی “دەستگرد”ـی ئەو شارەدا جێبەجێ کرا.
عەلیڕەزا سپاهی، لەم دۆسیەیەدا بە چوار جار لەسێدارەدان و عەلیڕەزا ڕەیسی، بە دوو جار لەسێدارەدان سزادرابوون و ئەم دۆسیەیە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکەیدا ڕووبەڕووی ڕاپۆرتگەلێک بووەوە سەبارەت بە سنوورداربوونی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بەڕێوەچوونی دادگای نائاشکرا و پشتگوێخستنی هەندێک بەڵگەی بەرگری و بانگەشەی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا.
سەبارەت بە دۆسیەی عەلیڕەزا سپاهی، پێشتر دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران، داواکاریی پێداچوونەوەی قەزایی قەبووڵ کردبوو و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی هاوشێوە کردبوو و هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا، بە گوتەی پارێزەرەکانیان، لقی ناوبراو بێ پێکهێنانی دانیشتنی دادگایی، داواکاریی پێداچوونەوەکەی ڕەت کردەوە و دۆسیەکەی بۆ جێبەجێکردنی سزا پەسەند کرد.

Be the first to comment