هونەرمەند و وەرزشکارێکی کورد، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی زیندان کرا

خۆڕاگری: مێهدی پاکمێهر، هونەرمەند و وەرزشوانی کوردی خەڵکی خۆراسان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتای “۲۱ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” مێهدی پاکمێهر، هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خۆراسان، کە هاوکات وەرزشکاری بۆکس و چالاکی بواری زمان و کولتووری کوردییە، بۆ تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ بەندکردن، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری بۆجنوورد گوازرایەوە.
ناوبراو کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوو، سەرەڕای سزای بەندکردن، سزای لێدانی قامچیشی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە بۆجنوورد، بە تۆمەتگەلی وەک پڕوپاگەندە دژ بە نیزام و کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی، دادگایی کراوە و لە قۆناغی سەرەتاییدا سزای چوار ساڵ بەندکردن و یەک ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێنرابوو، بەڵام دوای ئەوەی ناوبراو ناڕەزایی لە بەرانبەر بڕیارەکە دەربڕی، لە دادگای پێداچوونەوەدا سزاکەی توندتر کرایەوە و بۆ پێنج ساڵ بەندکردنی بێمەرج بەرز کرایەوە.
شایانی باسە کە، مێهدی پاکمێهر یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە کارە هونەری و کولتوورییەکانی خۆی، ڕۆڵێکی دیاری لە پاراستنی زمان و ناسنامەی کوردی لە ناوچەی خۆراسان هەبووە و هەروەها وەک وەرزشکارێکی چالاک لە بواری بۆکسدا ناسراوە، دەسبەسەرکردنی ئەم هونەرمەندە کاردانەوەی زۆری لەناو کۆمەڵگەی هونەریی ناوچەکەدا لێکەوتووەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*