خۆڕاگری: دوای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکردنی ئەحمەد نەجەفنیا، هاووڵاتیی خەڵکی لۆمار، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٠ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶ی زایینی)، هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستانی پاسدارانی ڕێژیم، بە هەڵکوتانە سەر شوێنی کاری ئەحمەد نەجەفنیا، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “لۆمار”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی، دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی کە شەش ڕۆژە بە دوایدا دەگەڕێن، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە و هەروەها لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە لە مافی پەیوەندیی تەلەفوونی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

Be the first to comment