سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: سەعید ئیجادی، هاووڵاتیی خەڵکی سونقوڕکولیایی و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە قەزوێن، سزای ۲۱ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی شەممە، ۲ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲٤ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە شاری قەزوێن لە دۆسیەیەکدا بە ناوی لاوانی شۆڕشگێری قەزوێن، سەعید ئیجادی هاووڵاتیی خەڵک سونقوڕکولیایی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە سووتاندنی موڵکی گشتی، بە  ۱۰ ساڵ بەندکردن، بەتۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی گشتی، سزای ۵ ساڵ بەندکردن، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، سزای ۵ ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی ڕێژیم، بە ١ ساڵ بەندکرن سزا دراوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەم سزایەدا، ۲ ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ۲ ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەر لە ئێران وەک سزای تەواوکەر بەسەریدا سەپێندراوە.
جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو خەڵکی شاری سونقوڕی سەر بە پارێزگای کرماشانە، دوای نزیکەی ساڵێک ژیانی نهێنی، لە ئاکامی هەڵکوتانی توندوتیژانەی هێرە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کرا و بە جۆرێک کە بەهۆی بێهۆشبوون و بارودۆخی دژواری جەستەییەوە، بەرپرسانی بەندیخانەی “چووبیندەر”ـی قەزوێن لە سەرەتادا لە وەرگرتنی خۆیان بواردبوو و هەروەها لە ماوەی لێکۆڵینەوەدا لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیدا ناچار بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی کرابوو و لە کۆتاییدا دوای ساڵێک دەسبەسەرکردن، بە دانانی بارمتەی دوو ملیارد تمەنی تا کاتی دادگاییکردنەکەی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*