خۆڕاگری: سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لەسێ مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنی خالید بەرزنجی، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی سنە، هێشتا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.
ڕۆژی یەکشەممە، ۳ی خەزەڵوەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲٥ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٠ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی)، هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران، بە هەڵکوتانە سەر باخێک لە گوندی “ئوشتەپەـی سەر بە شاری بۆکان، خالید بەرزنجی، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی شاری سنە و دوو هاووڵاتیی دیکەیان دەسبەسەر کردووە، لە کاتێکدا یەکێک لەو دوو کەسە پاش ماوەیەک ئازاد کراوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەوانی تر و هۆکاری گرتنەکەیان بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە و ماوەی ۱۰٦ڕۆژە بێسەروشوێنە.
بنەماڵەی بەرزنجی لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی ڕابردوودا، بەردەوام سەردانی ناوەندە سەرکوتکەر و قەزاییەکانی ڕێژیمیان کردووە بۆ زانینی چارەنووسی کوڕەکەیان، بەڵام بەرپرسانی ئەو دەزگایانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕایانگەیاندووە کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر دەسبەسەرکردنی ناوبراو نییە.
چاودێرانی مافی مرۆڤ ئەم جۆرە کردەوانەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بێسەروشوێنکردنی ناچاری ناو دەبەن و هۆشداری دەدەن لەوەی کە ونکردنی ناچاریی هاووڵاتییان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکان، پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە و ئاسۆی ڕوون لە چارەنووسی ئەو چالاکوانە نیشان نادات.
جێی ئاماژەیە کە، کەیسی خالید بەرزنجی یەکێکە لەو دەیان حاڵەتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی و لە دۆخێکی نادیاردا ئەنجام دراوە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هەر جۆرە بەرپرسیارێتییەک لەمەڕ دۆسیەی دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە بیر دەکەن.

Be the first to comment