کاردانەوەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە شەهیدکردنی بەندکراوێکی کورد

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئیران کرد کە ڕاستییەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانی نهێنی “هیدایەت عەبدووڵڵاپوور” ئاشکرا بکەن.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە ئێعدامی نهێنیی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”، زیندانیی سیاسیی کورد ڕابگەیەنێت و تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکاتەوە.
ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندوە کە بەرپرسانی ئێرانی تووشی تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملی دژی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و بنەماڵەکەی بوون.
ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ دووپاتی کردووەتەوە: لە پاڵ بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، ڕادەوەستین، ئەمە مافی ئەوانە کە ڕاستییەکان سەبارەت بە ناوبراو بزانن.
شایانی باسە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، حوکمی ئێعدامی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە شاری شنۆ جێبەجێ کرا.
جێگای ئاماژەیە “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”، خەڵکی شنۆ، ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤٩ ڕۆژ پاش شەڕی نێوان حیزبێکی کوردی و سپای پاسداران لە گوندی قەرەسەقەل بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.
“هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥ بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوازرا و لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی حوکمی ئیعدامی بە سەر داسەپا.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە خودی هیدایەت و بنەماڵەکەشی ڕەتیان کردۆتەوە کە لە هیچ تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا بەشداری کردبێ.