ژنە پارێزەرێکی کورد لە بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە

خۆڕاگری: سوهەیلا حیجاب، پارێزەری کوردی خەڵکی کرماشان کە ئێستا لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.


سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان کە ماوەی پێنج ساڵەی حوکمی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین تێپەڕ دەکات، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا تەنیا جارێک و ئەویش بۆ ماوەیەکی کەم بردوویانە بێهداری بەندیخانە.


سوهەیلا حیجاب لە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٠) لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانە مانی لە خواردن گرتبوو و لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە کەوتبووە بەر لێدان و کوتان.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕاگەیاند وە، سوهەیلا حیجاب ئێستا لە ژووری ئەو بەندکراوانەی ڕاگیراوە کە کارەکانی بەندیخانە ئەنجام دەدەن.


 ئەو پارێزەرە کوردە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری شوێنی ڕاگیرانی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی مانی لە خواردن گرتووە و داوای کردووە کە بیگوازنەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران.سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لەکاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە.




ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.


ئەو چالاکە مەدەنیە بە چەندین تۆمەت وەکوو ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“، ”گردبوونەوەی نایاسایی“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.


بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکمی سوهەیلا حیجاب کە پێنج ساڵ بەندکرانە و ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.