خۆڕاگری: دادگای ئینقلابی ڕژیم، لە قوروە، ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا دەسبەسەر کرابوون، بە سزای قورسی بەندکردنی تەعزیری و لێدانی قامچی مەحکووم کرد.
ڕۆژی یەکشەممە، ۹ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۳۰ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، سزای بەندکردن و لێدانی قامچیی بەسەر سێزدە هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروەدا سەپاندووە کە لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوون.
ناوی بەشێک لەو دەسبەسەرکراوانە و وردەکاریی سزاکانیان بەم شێوەیەیە: محەممەد محەممەدی، ٤ ساڵ، ٩ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی تەعزیری، مستەفا غوڵامی، زاهید خالدیان و واحید خالدیان، هەر کامیان ٣ ساڵ بەندکردنی تەعزیری، شاهرۆخ مستەفایی و فەرەیدوون ئەڵماسی، هەر کامیان، سزای ١ ساڵ و ٩ مانگ بەندکردنی تەعزیری، ڕەسووڵ قوربانپوور، سامان گەنجی و داود ڕەزایی، هەر کامیان سزای ١ ساڵ بەندکردنی تەعزیرییان بەسەردا سەپێندراوە.
چوار هاووڵاتیی دیکەش سەرەڕای سزای بەندکردن، بە کۆی گشتی بە ١٩٦ قامچی سزا دراون کە بریتین لە: ڕەزا دێهقانی، سزای ١ ساڵ بەندکردنی تەعزیری و ٤١ قامچی، ئەبووزەر مورادحاسڵی، سزای ١ ساڵ بەندکردنی تەعزیری و ٣١ قامچی، ئەنوەر عەلیپەنا، سزای ١ ساڵ بەندکردنی تەعزیری و ٥٠ قامچی، ئەمیر خالیدیان، سزای ١ ساڵ بەندکردنی تەعزیری، ٧٤ قامچی و هەروەها ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری میناب لە پارێزگای هورمزگانی بەسەردا سەپێندراوە.
جێی ئاماژەیە کە، ئەم هاووڵاتییانە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباردا لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە.

Be the first to comment