سەپاندنی ۱۴ ساڵ زیندان بەسەر دوو زیندانیی سیاسیی کورددا

دوو زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار سزای ۱۴ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا.

یەکشەممە ۳۰ ڕێبەندانی ۱۳۹۷ هەتاوی زیندانی کراوی کورد لە زیندانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ بەناوی کەماڵ عەبدووڵڵاهی خەڵکی پیرانشار بە ۷ ساڵ زێندان سزا درا.

ناوبراو بە تۆمەتی جاسوسی بۆ ئەمریکا لە ئێران و هەر وەها بەرەنگار بوونەوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە لایان دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ تاوان بار کرا.

جێگای ئاماژەیە، کە کەماڵ عەبدووڵڵاهی لە ۱۵ گوڵانی ئەم ساڵ دا بە ماوەی ۳مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە ورمێ دەسبەسەر کرابوو و دوایی گوازراوە بۆ زیندان و چوارشەممە ۱۰ی گەلاوێژ‌ بە تۆمەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە لقی ۶ ی دادگای ئینقلاب ئێران لە ورمێ لێکۆلینەوەی لێکرا.

هەروەها  ڕۆژی ۳۰ی بەفرانباری ۱۳۹۷ی هەتاوی زیندانییەکی کورد بەناوی محەممەد پەتایش ٤۸ ساڵ تەمەن کوڕی محەممەد کەریم خەڵکی گوندی قەمتەرەی سەربە پیرانشار بەتۆمەتی پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکان لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەشاری ورمێ بە ۷ساڵ زیندان مەحکووم کراو حوکمەکەی لەم ڕێکەوتە لە زیندانی ورمێ پێ ڕاگەیەندرا.

ناوبراو ڕۆژی سێ شەممە ۸یڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بەتۆمەتی ” هاریکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئوپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” لەلایەن پاراستنی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە گوازراوە بۆ گرتووخانەی ئەم دامەزراوە ئیتلاعاتییە لە شاری ورمێ و ڕۆژی سێ شەممە ۹ی گەلاوێژی ئەمساڵیش بۆ تەواو کردنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە گوازرابوویەوە بۆ ئیتلاعاتی سپا لە شاری پیرانشار وپاش تێپەڕاندنی قۆناغی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە لەم دامەزراوەدا گوازرایەوە بۆ زیندان لە شاری ورمێ و لە دەستڕاگەیشنن بە پارێزەر کەبەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ ، یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر زیندانییەکە، بێبەری کراوە.