ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ئازادبوونی دوو بەندیی سیاسیی کورد

هاونیشتمانیانی بەرێز! زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر! پاش ماوەیەکی یەکجار زۆر چاوەڕوانی، ئێوارەی ڕوژی پێنجشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر (٢١ نۆڤەمبری ٢٠١٩) دوو زیندانیی سیاسیی کورد کە لە بەڕابردووترین زیندانییانی سیاسیی ئێران و کوردستانن، دوای نیزیک بە سێ دەیە بەندکران لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئازاد بوون. کاک عوسمان مستەفاپوور، خەڵکی پیرانشار دوای ٢٨ سال بەندکران و کاک محەممەد نەزەری خەڵکی ساینقەڵا باش ٢٥ ساڵ بەندکران و بەرگەگرتنی دەیان ساڵ ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕوحی هاوری لەگەڵ چەندین زیندانیی سیاسیی دیکە ئازاد بوون. ئەم دوو زیندانییە کوردە لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا بۆ تاقە جارێکیش لە مافی مەرەخەسی و ئەو مافانەی کە هەر زیندانییەکی سیاسی دەبێ هەیبێ، بێبەش بوون، بۆیەش ئازادبوونیان بۆتە هۆی خۆشحاڵی و پێخۆشبوونی لەڕادەبەدەری خەڵکی کوردستان، بەتایبەت بنەماڵەکەیان و دوستان و هاورێیان و هاوخەباتەکانیان کە لە پێناو وەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەواندا تێدەکۆشن. ئازابوونی ئەم دوو کەسایەتییە خۆشەویستەی کۆمەڵانی خەڵک پاش نیزیک سێ دەیە خۆراگری و سووربوون لەسەر باوەڕەکانیان، سەلمینەری ئەوەیە کە لە کۆتاییدا هەر ئیرادەی زیندانییانی سیاسییە کە بە سەر سێدارە و ئازار و ئەشکەنجە و گرتووخانەدا سەر دەکەوێ و دەری خستەوە کە بە ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان؛ باوەری ئازادیخوازانەی زیندانییانی سیاسی بە چوکدا نایە. ئێمە هەواڵی ئازادبوونی کاک عوسمان و کاک محەممەد بە سەرکەوتنی ئیرادەی مافخوازانەی گەلی کورد دادەنێین کە لە خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسیدا خۆ دەردەخا، هاوکات سڵاو دەنێرین بۆ ئەو هەزاران بەندیی سیاسییەی دیکە کورد کە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا ماونەتەوە و بەداخەوە ژمارەیان هەر دێ و زیاتر دەبن. وەک دەزانین لە ئێستادا و دوابەدوای سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و کوردستان ئەوەندەی زاندراوە زیاتر لە سێسەد کەس لە کوردستان لە ڕەشبگیرەکاندا گیراون. بێگومان وەک چۆن ئازادبوونی کاک محەممەد نەزەری و کاک عوسمان مستەفاپوور سەرکەوتنی ئیرادە بە سەر کۆت و بەندی سەلماند، کۆماری ئیسلامی هەرگیز ناتوانێ بە سەرکوت و بەندکردن و پەت و سێدارە باوەڕی مافخوازی و شوناسخوازیی خەڵکی کوردستان بەچۆکدا بێنی و ئەوەی دەبێ بەچۆکدا بێ هەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. زیندانییانی سیاسی گوڵی سەرتۆپی خەباتی نەتەوایەتیمانن و خەڵکی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسی و سەری ڕێز و کڕنۆش بۆ فیداکاری و لەخوبوردوویی ئەوان دادەنوێنن. ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخێرهاتنەوە بە کاک محەممەد نەزەری و کاک عوسمان مستەفاپوور دەڵێ و سڵاوی گەرمی ڕێز و خۆراگرییان بۆ دەنێرێ و هاوکات هیوادارە بە بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی یەکگرتووانەی خەڵکی کوردستان و ئێران بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەموو زیندانییانی سیاسی ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە باوەشی خەڵك و نیشتمان. ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان