زیاتر لە ٣٠٠ هاونیشتمانی لە شاری سنە دەسبەسەرکراون

بە پێی‌هەواڵی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە درێژەی ڕەشبگیرییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە، زیاتر لە ٣٠٠ هاونیشتمانی تەنیا لە شاری سنە دەسبەسەرکراون و دەگوترێ لە ئاستی ئێراندا نیزیک بە ٨٠٠٠ دەسبەسەرکراو هەیە.
زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە پاش دەسبەسەرکرانی هەڕەمەکی خەڵکی شاری سنە، تا ئێستا ٥٠ کەس لە گیراوان بە دانانی بارمتەی ٣٠ تا ٦٠ میلوێنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
جێی‌ئاماژەیە کە بە هۆی زۆری دەسبەسەرکراوانی شارەکانی پارێزگای سنە بەشێک لە گیراوان لە گرتووخانەی پادگانی شەهرامفەڕ لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراون.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکەن کە لە نێو دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە‌دا مێرمنداڵ و قوتابی و خوێندکار هەیە و نێونجی تەمەنیان کەمتر لە ٢٠ و تا ٢٥ ساڵە.
هەروەها بە پێی وێنەو کورتەفیلمە بڵاوکراوەکان، لە ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ی خەزەڵوەر هێزەکانی سپا و بەسیج لە سەرکوتی خەڵکی شارەکانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان و بانگ کردن و دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی، دوو چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی ٨ی سەرماوەز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێسەروشوێن کراون.
سەرچاوەکانی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، شوناسی ئەو دوو گیراوەی بە ناوەکانی سوحبەت ئۆمێدی و مەحییەدین ئەسغەری بڵاوکردوتەوە هەر بە پێی زانیارییەکان سوحبەت ئۆمێدی هاونیشتمانیی یارسانی بە برینداری بە دیل گیراوە.
پێویستە بگوترێ کە هێزە ئەمنییەکانی کرماشان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە کردووە کە لە بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە زانیارییەک لەو بارەوە خۆیان ببوێرن.