خۆڕاگری: موراد محەممەدی، ئەندازیاری شارستانیی خەڵکی ئاودانان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەندین بابەتی جیاواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە ناسنامە و پۆشینی جلی کوردی، سزای ٤ ساڵ و ٤ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و ماوەی شەش مانگە سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام تێپەڕ دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی سەرماوەزی ۱٤۰۵ هەتاوی “۲٥ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: موراد محەممەدی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵان، ئەندازیاری شارستانی و بەڵێندەری بیناسازیی خەڵکی شاری ئاودانان و دانیشتووی دێلوڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی «پەناهی» بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکردن و بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆریگەلێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیوەست بە ناسنامەی کوردی و لەبەرکردنی جلی کوردی، سزای ٧ مانگ بەندکردنی دیکەی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم سزایە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و دوای وەرگرتنی ئاگاداری بۆ جێبەجێکردنی سزاکان، لە مانگی جۆزەردانی ئەساڵ بە مەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازراوەتەوە.

Be the first to comment