والی درودی و عومەر ئیمامی دوای ٢٤ ساڵ بەندکران ئازاد بوون

دوای ڕەزامەندی داواکاری گشتی یەزد و ئیتلاعاتی کرماشان لەگەڵ ئازادی دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ٢٤ ساڵ لە بەندیخانەدان، ئەو دوو بەندکراوە ئازاد کران.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧١٩(١٧ی دسامبری ٢٠١٩)، دوو بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی والی درودی و عومەر ئیمامی کە ماوەی ٢٤ ساڵ لە بەندیخانەکانی کرماشان و یەزد ڕاگیرابوون، دوای ڕەزامەندی داواکاری گشتی یەزد و ئیتلاعاتی کرماشان، لە بەندیخانە ئازاد کران.

 پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، سەردۆزگەری یەزد دوای ئەوەی ڕەزامەندی لە سەر ئازادی ئەو دوو کەسە نیشان داوە، نامەیەکی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ناردووە هەتا لە ماوەی یەک مانگدا ئەوان بڕیاری کۆتایی لەوبارەوە بدەن و ئەگەر ئیتلاعاتی کرماشان ڕەزامەندی نیشان بدات، ئەوا ئەو دوو بەندکراوە ئازاد دەبن.

عومەر ئیمامی لە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردان و والی دروودی لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٥ی هەتاوی (مانگی مەی ١٩٩٦) دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی شاهۆ هاوڕێ لەگەڵ دوو پێشمەرگەی دیکە بە ناوەکانی ”محەمەد مورادی“ و ”عەلی ساڵحی“ بە دیل گیران.

لە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ، دادگای شۆڕشی کرماشان ئەو چوار کەسەی بە تۆمەتی موحاربە (دژایەتی خودا) لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات بە بەندکران مەحکووم کرد کە دوای ١٠ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشان، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری یەز دوور خرانەوە.

بە پێی ئەو حوکمە هەر یەک لە والی دروودی خەڵکی کامیاران و عومەر ئیمامی خەڵکی جوانڕۆ حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی و عەلی ساڵحی خەڵی ڕوانسەر و محەمەد مورادی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو حوکمی ٢٠ سا بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

عەلی ساڵحی و محەمەد مورادی دوای تەواوبوونی ماوەی ٢٠ ساڵەی حوکمەکیان لە بەندیخانە ئازاد بوون و حوکمی والی دروودی و عومەر ئیمامی دوای ٢١ ساڵ بەندکران لە بەندکرانی هەتاهەتاییەوە بۆ ٢٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە والی دروودی دوای ١٧ ساڵ و عومەر ئیمامی دوای ١٨ ساڵ بۆ یەکەمجار مافی مرەخەسییان پێدرا. هەروەها ئەو دوو کەسە لەکاتی بەدیل گیران لەشەڕدا بریندار ببون کە هەتا ئێستاش چارەسەریی پێویستیان بۆ ئەنجام نەدراوە.

والی دروودی لە ماوەی بەندکرانیدا دایکی گیانی لە دەست داوە و هەروەها تاقە کچەکەشی مێردی کرد، بەو حاڵەش بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان نەدا کە لەو دوو بۆنەیەدا بەشداری بکات.