دەسبەسەرکرانی سێ هاونیشتمانیی کورد لە شارەکانی سنە و بۆکان

دوو هاونیشتمانیی کورد بە ناوەکانی مێهران محەممەدی و فەڕشید فەیزوڵڵاهی لە شاری سنە و هاونیشتمانی‌یەکی دیکە بە ناوی ئاکام قادری لە بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، فەڕشید فەیزوڵڵاهی تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی عەبدووڵلا خەڵکی “نەڕان” سەر بە پارێزگای سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.
ناوبراو پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویی بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەرکرابوو.
بەپێی هەواڵێکی دیکە ، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، مێهران محەممەدی خەڵکی گوندی ” بزلانە” بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.
هەر لەپێوەندیی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانیانی کورددا، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان ئاکام قادری تەمەن ٣١ سال کوڕی ڕۆستەم خەڵکی “سیمینە”ی بۆکان بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەزیەت و ئازار دەسبەسەر کرا و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.