ئەفشین حوسێن‌پەناهی” بە دانانی بارمتە مەرەخەسی پێدرا

چالاکی مەدەنیی و ژینگەپارێزیی کورد “ئەفشین حوسێن ‌پەناهی” لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بە وتەی “ئەمجەد حوسێن‌ پەناهی” چالاکی مافی مرۆڤ، “ئەفشین حوسێن ‌پەناهی”، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مەرەخەسی پێدراوە.

جێی ئاماژەیە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەخشنامەی هێزی دادوەری سەبارەت بە پێدانی مەرەخەسی به زیندانییان، دایکی ئەفشین حوسێن پەناهی وێڕای ژمارەیەک لە دایکانی بەندییە سیاسییەکان و هەروەها خزم و کەسوکارەکانیان داوای ئازاد کردنی ڕۆڵەکانیان کرد. بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە پێدانی مەرەخەسی به ئەفشین ناڕەزایەتییان دەردەبڕی ودواتر بە گوشاری چەند کەس لە چالاکانی مەدەنیی سنە و بە دانانی بارمتە چەند ڕۆژێک مەرەخەسی پێدرا.

“ئەفشین حوسێن‌ پەناهی”، چالاکی مەدەنیی ژینگە پارێزی، خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕش، بە تۆمەتی “بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم”، بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرا.

جێی ئاماژەیە، ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ٩٦، سێ ڕۆژ دوای دەسبەسەرکردنی “ڕامین حوسێن ‌پەناهی”، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لە ساڵی ٩٠ی هەتاویش بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم” بە ساڵێک زیندانی مەحکووم و پاش تەواو بوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.