لە زیندانی ورمێ ٢٠٠ ژنی زیندانی مانیان لە خواردن گرت

دوای گیانلەدەستدانی یەکێک لە زیندانیان بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ٢٠٠ ژنی زیندانی لە بەندیخانەی ورمێ مانیان لە خواردن گرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندیی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ٢٠٠ ژنی زیندانی دوای گیانلەدەستدانی یەکێک لە زیندانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مانیان لە خواردن گرت.

ئەم زیندانیانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە نەبوونی پێداویستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە زیندانی ژنان و ڕازی نەبوونی بەرپرسان لە ئازادیی کاتی ئەوان دەستیان دایە مانگرتن.

بە پێی زانیارییەکان هەموو زیندانیانی بەندیخانەکە، خواردنی نیوەڕۆی ڕۆژی شەممەیان وەرنەگرتووە و خواردنەکەیان ڕشتوەتە سەر زەوی و ڕایانگەیاندوە تاوەکوو مافی ئازادی کاتیان پێ نەدرێت، لەسەر مانگرتن بەردەوام دەبن.

مانگرتنی ئەو زیندانیانە دوای مەرگی یەکێک لە زیندانیانی ئەو بەندیخانە بە ناوی ” فاتمە عەلیزادە” تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی کرماشان دێت کە بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا.

ناوبراو ڕۆژێک پێش گیانلەدەستدانی، دۆخی جەستەی خراپ بووە و بە کارگێڕانی تەندروستی بەندیخانەیان ڕاگەیاندوە، کاربەدەستان ئامادە نەبوون چارەسەری دەرمانی بۆ بکەن.

شایانی باسە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەشێک لە زیندانەکانی ئێران وەک: خوڕەم ئاوا، تەورێز، هەمەدان، شوش، سەقز و مەهاباد زیندانیان بەهۆکاری پێڕانەگەیشتن و نەبوونی پێداویستییە دەرمانی و مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا شۆڕشیان کرد و مانیان لە خواردن گرت.