سەپاندنی حوکمی ٤ ساڵ بەندکران بە سەر هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە دوو ساڵ پێش دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ڕۆژی دووشەممە ١١ی خاکەلیوەی ٢٧٢٠ (٣٠ی مارسی ٢٠٢٠)، بەندکراوێک بە ناوی ”ڕەحیم حەسەن مەحاڵی“ ناسراو بە حەسەن ماشکانی تەمەن ٥٥ ساڵ کە ١٤ ڕۆژ بوو لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیرابوو، بۆ بەندی ٣ی ئەو بەندیخانەیە گوازراوەتەوە.

ناوبراو بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٤ ساڵ بەندکران کە بەسەری دا سەپاوە، کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو خۆی بە بەندیخانە ناساندووە.

ڕەحیم حەسەن مەحاڵی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلیوەی ٢٧١٨ ( ١٨ی ئاوریلی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی پیرانشاری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی ”سیخوڕی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان“ حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و ئەو حوکمە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمی وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.