داگایی کردنی هەشت ژینگەپارێز لە ئێران

لە ئێران هەشت کەس لە ژینگەپارێزان بێ ئەوەی ئیزنیان پێبدرێ کە پارێزەریان هەبێ یا بتوانن دیفاع لە خۆیان بکەن دادگایی کران و زۆربەیان بە تاوانی سیخوڕی حوکم دران.
بەپێی راپۆرتی “ئیرنا” هەواڵدەریی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی هەینی ڕابردوو هەشت کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزیی لە پشت دەرگا داخراوەکان دادگایی کران و بە تۆمەتی سیخوڕی حوکم دران.
“محەممەد حوسێن ئاغاسی” پارێزەری دوو کەس لە ژینگەپاریزان ڕایگەیاند کە سەرۆکی دادگا ئیزنی پێنەداوە لە دادگاییەکەدا بەشداریی بکات.
لەو هەشت ژینگەپارێزە چوار کەسیان بە تۆمەتی (فساد فی الارض)، سێ کەسیان بە تۆمەتی جاسووسی و کەسێکیان بە تۆمەتی پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نیشتمانی تۆمەتبار کران.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی‌دا دوازدە کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزیی بە تۆمەتی سیخوڕی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران کە یەکێک لە تۆمەتباران بە ناوی “کاوس ئیمامی” بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.
“عیسا کەلانتەری” سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگە پارێزیی ئێران بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات بەندکراوانی ژینگەپارێزیی بە بێتاوان لە قەڵەم دا، بەڵام سەرۆکی داداگا لە وڵامدا گوتی ئەوە کاری وەزارەتی ئیتلاعات و سەرۆکی سازمانی ژینگەپارێزیی نییە.