دیوانی بەرزی وڵات بە گوشاری سپای پاسداران حوکمی ئێعدامی بەسەر “ئەرسەلان خودکام”دا سەپاند

دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران، لەژێر زەختی سپای پاسداران حوکمی سێدارەی بەسەر زیندانی سیاسی کورد” ئەرسەلان خودکام” دا سەپاند.

بە پێی راپۆڕتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو بەندییە سیاسییە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سێ جاران تانەی لە بڕیاری دادگە داوە و دیوانی عالی وڵات بە ڕەد کردنەوەی چاوپێداخشاندنەوەی سەرلەنوێ، حوکمی ئێعدامەکەی پەسەند کردووە.

سەرچاوەیەک لەم بارەیەوە بە چاونیوزی ڕاگەیاند، حیفازەت ئیتلاعاتی قەرارگەی حەمزەی سپای پاسداران لە ڕەوتی دادگایی کردنی ئەم زیندانییە کوردە ڕاستەوخۆ بەشدار بووە.

ئەرسەلان خودکام ٥٧ ساڵە خەڵکی شاری مهابادە و لە دووی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بە تاوانی” سیخوری و هاوکاری لەتەک حیزبە کوردییەکانی دژ بەری کۆماری ئیسلامی ئێران” گیرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای “المهدی” ورمێ لەژێر لێپرسینەوە دابوو.

دواتر ئەم زیندانییە کوردە بۆ بەندیزخانەی ورمێ گوازراوە و لە ٨ی پووشپەری هەمەن ساڵ لەلایەن کەرتی یەکی دادسەرای نیزامی ورمێ حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.