پێش بە لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بگرن

خۆڕاگری:ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستان،داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین لە دژکردەوەی هەمەلایەنە بە نیسبەت ڕاگواستنی هیدایەت عەبدوڵاپوور و پێشگرتن لە ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسیەیە هەڵوێستی جیدی بگرن.


بانگەوازی بە مەبەستی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵاپوور.


بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە ناوەندەکانی مافی مروڤ گەیشتووە و بۆ ئێمە پشتڕاست کراونەتەوە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، هێزە ئەمنیەتییەکانی بەندیخانەی ئورمیە، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسیی کوردیان لە بەندیخانە بردووەتەوە دەرەوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.


بە سەرنجدان بە بەڕێچوونی زنجیرەیی لەسێدارەکان لە بەندیخانەکانی سنە، کرماشان و ورمێ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نیگەرانیی خۆمان لە ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕادەگەیەنێن و لە هەموو ڕێکخراو، ناوەند و هەروەها چالاکانی مافی مرۆڤی خوازیارە کە بە شێوەیەکی جیدی هەوڵەکانی خۆیان بۆ پێشگرتن لە بە بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە بخەنە گەڕ.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرابوویەوە.

ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.


هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.