زەینەب جەلالیان دوای ٥٠ ڕۆژ هێشتا لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەک ڕاگیراوە

خۆڕاگری :زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسی کورد کە توشی پەتای کۆرۆناش بووە هێشتا لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە و هەڕەشی مانگرتن لە خواردنی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو سەرەڕای تێپەڕینی ٥٠ ڕۆژ لە گواستنەوەی زەینەب جەلایان، لە بەندیخانەی شاری خۆی بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و ئەوەی کە ناوبراو تووشی پەتای کۆرۆنا شبووە، هێشتا بە بێ کەمترین خزمەتگوزاری تەندروستی لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە.

ڕەزا خەندان، هاوژینی نەسرین ستوودە، پارێزەری دەستبەسەر کراوی ئێران بە بڵاو کردنەوەی پۆستێک لە سەر لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی نووسیویە کە، زەینەب جەلالیان سەرەڕای ئەوەی کە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە بە دەستبەند بردوویانە بۆ نەخۆشخانە و دۆکتۆرەکەش هەر بە دەستبەندەوە چارەسەری بۆ کردووە.

لەبەشێکی دیکەی ئەو پۆستە لە زاری زەینەب جەلالیانەوە نووسراوە کە “هەرچەند ماوەی ١٣ ساڵە لە بەندیخانەم و هێزی مانگرتنم تێدا نەماوە، بەڵام ئەگەر هەتا چەند ڕۆژی دیکە نەمگوازنەوە ئەوا مان دەگرم لە خواردن”.

ڕۆژی سێ‌شەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٨ی آوریلی ٢٠٢٠)، زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی خۆی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و لەوکاتەوە لە بەندی قەرەنتینەی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە گوندی دیم قشلاقی ماکۆ لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە بەبێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەکانی حکوومەتی ئێراندایە.

ناوبراو ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر و مانگی سەرماوەزی ١٣٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکانی ئێران حوکمی ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا ”موحارێبە” لەڕێگای ئەندامەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

حوکمی سێدارەی زەینەب جەلالیان ساڵی ٨٨ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاستکرایەوە و پاشان لە ساڵی ٩٠ و بەهۆی بەرکەوتنی لێبوردنی ”خامنەای”ـەوە بۆ زیندانی هەتایی کەم کرایەوە.

زەینەب جەلالیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە هەتا سەرماوەزی ٩٣ی هەتاوی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشاندا ڕاگیرا و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتیی بۆ ٥ مانگ لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا بۆ بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین لە تاران ڕاگوێزرابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لە نێوان بەندکراوانی سیاسیی ژن لە ئێراندا قورسترین حوکمی بەسەردا سەپاوە، ساڵی ٩٣ی هەتاوی پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بنەماڵەکەی و بەدواداچوونی ئەوان و قبووڵکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن دادستانی و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بۆ بەندیخانەی خۆی ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە لەو بەندیخانەیە ڕاگیرابوو.