سیاوەش نەورۆزی بە ٨ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

“سیاوەش نەورۆزی”،  خوێندکاری زانکۆ و یەکێک لە ناڕازیانی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە ٨ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

“سیاوەش نەورۆزی”، خوێندکاری بەشی گرافیک لە زانکۆی شیراز، بە هۆکاری بەشداری لە کۆبوونەوەی یادکردنەوەی کوژراوانی فڕۆکەی گەشتیاری تاران- کی‌یف، بە ٨ ساڵ بەند کران و ۷٤ زەڕبە قامچی مەحکووم کرا.

بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان و زانیارییەکانی کاناڵی تێلێگرامی “خوێندکارانی یەکگرتوو”، ناوبراو بە تۆمەتی “تێکدانی نەزم و ئاسایشی وڵات، وەڕێخستنی کۆبوونەوەی نهێنی و سووکایەتی بە ڕێبەری وڵات”، بە ٨ ساڵ بەند کران و ۷٤ زەربە قامچی مەحکووم کراوە.

جێی ئاماژەیە، ئەو خوێندکارە، ۲٥ی بەفرانباری ۹٨ی هەتاوی دسبەسەر کرابوو، دوای ۱۷ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی بە بارمتەی ۳٥۰ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

شایانی باسە، کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانەوە ناڕەزایەتییەکی زۆری  بە دوای خۆیدا هێنا و خەڵکێکی زۆر بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین هاتنە سەر شەقامەکان، کە لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە توندوتیژی وڵام درایەوە و خەڵکێکی زۆر کوژران و بەشێکیشیان دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.