دیرۆکی خۆڕاگری

خوسرەو قادری
ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی لە گوندە چوکەڵە و خنجیلانەکەی “گۆلێ”ی شاروێران سەر بە شارستانی مەهاباد لە دایک بووم. ڕۆژانی شۆڕش و ڕاپه‌ڕین دژی ڕێژیمی پاشایه‌تیم له‌ بیره‌. هەر لە یەکەم ساڵی قوتابخانەوە بە هۆی ئەوەی کە ئاواییەکەمان له‌ ژێر کۆنترۆڵی حیزبدا بوو، ئەمن و هاوپۆلەکانم شانسی ئەوەمان هەبوو کە بۆ ماوەی دوو ساڵ به‌ زمانی کوردیش بخوێنین و هاوکات فێری وانەی شۆڕش و کوردایەتی و گەلێک سروودی شۆرشگێری ببین. ئه‌من هه‌ر بەهۆی ئەوەی کە باوکم (کوێخا محەممەدی گۆلێ) ئەندامی لە مێژینەی حیزب بوو و دوای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی پێوەندی و هاتوچۆی زۆری کادرەکانی تەشکیلاتی و پێشمەرگەکان بۆ ماڵی ئێمە، رۆژ لە دوایی ڕۆژ هەستی کوردایەتی و ئۆگری بۆ حیزبی دێموکڕات لە ناخمدا پتر پەرەی دەستاند. هه‌روه‌ها ساڵی ١٣٥٩ برایەکی گەورەترمان بوو بە پێشمەرگەی حیزب کە بەداخەوە دوایی ساڵێک پێشمەرگایەتی شەهید بوو. ئەوانە هەموو بوونە هۆی ئەوەی بیری کوردایەتی و خۆشەویستی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێشک و دڵمدا گەشە بکا. خوێندنی دواناوه‌ندیم له‌ مه‌هاباد ته‌واو کرد خوێندنی زانکۆم له‌ ناوەندی “پەروەردەی مامۆستا” لە رشتەی “زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان”دا درێژه‌ پێدا. بارودۆخی تایبه‌تیی بنه‌ماڵه‌م و بیروباوه‌ڕی خۆم وایکردبوو که‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می تازه‌لاوه‌تییه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ کاری ڕێکخستنی نهێنیی حیزب و چالاکیی حیزبی ببم، به‌ڵام ڕۆژی ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٣ بوو هێزه‌کانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ لە سەر کلاسی دەرس بە تاوانی ئەندامه‌تیی نهێنیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات گرتیانم و به‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌هابادیان ڕاگواستم.

حەوتوویەک دوایی گیرانی من، بەداخەوە یەکێک لەو پێشمەرگانەی کە ئێمە هاوکاریمان کردبوون، بە ناوی بازید پەریزن، لە گەڵ پێشمەرگەیەکی دیکە با ناوی کاوە مەولانزادە، بە هۆی خەیانەتی کەسێکی خۆفرۆش بە ناوی “عەلی کاکەرەش” کە شەهید بازید متمانەی پێکرد بوو، کەوتە تەڵەی ئیتلاعات و بە دیل گیران، کە ئەوە بەداخەوە بووە هۆی گیران و ئاشکرابوونی ژومارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات. دواتر بازید پەریزن هەر لە ئیتلاعاتی مەهاباد لە ساڵی ١٣٧٥ بەداخەوە ئێعدام کرا و چووە نێو کاروانی نه‌مرانه‌وه‌ و کاوە مەولانزادەش ٣٠ ساڵ زیندانیی بە سەردا سەپێندرا.

ئه‌من ١١٢ رۆژ لە سلولی ئینفرادیدا بووم و لێدان و جنێو و بێحورمەتی بەپێی فیلان بوو. ده‌یان جەلەسە بازجوویی کە کات و ساتی نەبوو. ئەشکەنجەی جۆراوجۆر وەک لێدان بە قامچی، هەڵاوەسین بە دەستێک و بێ خەوی و بە سەرمای زستان ڕاگرتن لە دەرێ و… کاری ڕۆژانەی بازجوویەکانی ئیتلاعات بوون، بێ ملاقاتی و نەبوونی باس و خەبەر لە بنەماڵە، چڵکنی و پێسی و بێ حەمامیش لە لایەکی دیکە ڕاوەستێ! چه‌ند مانگ دواتر به‌یانییه‌کی بە دەستبەسراوی بردیانم بۆ دادگای ئینقلابی مەهاباد و لە ماوەیەکی کورتی ده‌ خولەکیدا قازییەک بە ناوی “حاج انصاری” بێ ئه‌وه‌ی وه‌کیلم هه‌بێ یان ده‌رفه‌تی به‌رگری له‌ خۆمم بده‌نێ، دادگایی کردم و پاشان به‌ تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدا، سزای ١٠ ساڵ زیندان و تەبعید بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی به‌سه‌ردا سه‌پاندم. وابوو لە هاوینی ساڵی ١٣٧٤ دەگەڵ چه‌ند زیندانیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ڕەحمان مەحمودی، ناسر سوڵتانی و هەمزە کە ئەوانیش بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات گیرابوون به‌ڕێی زیندانی ورمێ کراین.

بەندی ١٥ی زیندانی ورمێ کە تایبەت بوو بە زیندانییە سیاسییەکان، ئەوکات کە ئێمە چووین نزیک بە ٣٠٠ تا ٣٥٠ زیندانیی سیاسیی تێدا بوو کە دەکرێ بڵێم زۆربەی زۆری بە تاوانی ئەندامەتی و لایەنگریی حیزبی دێموکرات گیرابوون. لە شیمالی کوردستان ڕا تا سەقز و سنە و لە لاوی تازە پێگەیشتووی ١٨ ساڵە ڕا بگرە تا دەگاتە پیرەپیاوی ٨٠ ساڵەی تێدابوو. پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری حیزبەکان، گوندی و شاری، خوێندەوار و نەخوێندەوار، مەلا و سەید و ئاغا و مامۆستا و کرێکار و بە کورتی لە هەموو جۆرە چین و توێژیکی کۆمەڵگه‌ی کوردستانی تێدابوو. هه‌بوو ٦ مانگ زیندانی درابوویه‌ و هه‌بوو سزای ئەبەد و ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پابوو. بۆ منێک که‌ ئەوکات ٢١ ساڵ بووم. بەڕاستی وەک زانستگایەک وابوو. لە ماوەی پێنج ساڵ کە لە زینداندا بووم زۆر شت فیر بووم. بناغەی بیروهۆشی کوردایەتی و باوەر بە ڕێبازی حیزبەکەم چاکتر داڕشتەوە.

لە نێو زیندانییانی سیاسیدا ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێ کە بە هۆی دارمان و ترسەوە بەداخەوە کەوتبوونە ژێر ڕکێفی ئیتلاعات، ئەوانی دیکە بە خۆشییەوە پتر خۆڕاگرتر و بەباوەرتر بوون و بە تایبەتی کەسانی بە تەمەنتر و بە ئەزموون، دەبوون بە سەرمەشق بۆ ئێمەی لاو و کەمتەمه‌نتر.

زۆر جار بە بیانووی جۆراوجۆر بەرپرسانی زیندان دەستیان دەکرد بە پشکنینی بەندی سیاسییەکان و سووکایەتییان پێ دەکردین. یان تۆی دووبەرەکی و دڕدۆنگیان لە رێگای مۆڕەکانی خۆیان لە نێو بەندییە سیاسییەکاندا بڵاودەکردەوە، بەڵام بە خۆشییەوە ئەوکارانە نەک نەیاندەتوانی ئیرادە و ورەی بەرزی زۆربەی زیندانییەکان تێکب شکێنی، بەڵکوو بە پێچەوانە دەبوو بە رق و بێزاری زۆرتر و بەربەرەکانی زیاتری زیندانییەکان. هەرئەوە وایکرد کە زۆرێک لە زیندانییەکان کە ئازاد دەبوون، سەر لە نوێ پەیوەست بە حیزب و شۆرش دەبوونەوە و بە گوڕتر لە پێشوو دەستیان بە خەبات دەکردەوە.

لەو ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا کە لە زینداندا بووم بە داخەوە ٣٥ تا ٤٠ کەس لە زیندانیانی سیاسی کە زۆربەیان لە سەر حیزبی دێموکرات گیرابوون، ئێعدام کران. هه‌ر وه‌ها تا ئێستاشی له‌گەڵ بێ بە داخەوە دوو لە هاوبەندییە سیاسییەکانی ئەو کاتم، کاک “عوسمان مستەفاپوور” و کاک”محەممەد نەزەری” هەر لە زینداندا ماونەتەوە.

لە پائیزی ساڵی ١٣٧٨دا و له‌ کاتێکدا کە نیوەی زیندانەکەم کێشابوو، ئازاد بووم. دوای ئازادبوونم لە زیندان و ماوەیەک مانەوە، هەستم دەکرد کە لە زیندانێکی چکۆلە هاتوومەدەر و ئێستا لە زیندانێکی گەورەتر دام. لە لایەکی دیکە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و ڕیشەداکوتانی خۆشەویستی حیزبی دێموکرات و ترسی دووبارە گیرانەوەم ـ کە دەمزانی ئەوجار نەجاتم نابێ ـ هانی دام کە ئێران بەجێ بێڵم. وابوو که‌ رێگه‌ی تاراوگه‌م هه‌ڵبژارد و دواجار له‌ وڵاتی نۆروێژ گیرسامه‌وه‌. لێره‌ش هاوکات له‌گەڵ خوێندنی زانکۆ و کارکردن و ژیانی بنەماڵە، لە کاروچالاکی و ئەرکی حیزبیش خافڵ نیم و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ بە گوڕتر لە پیشوو لە خزمەت گەل و نیشتمان و حیزبەکەم دام.