عومەر فەقێ‌پوور

عومەر فەقێ پوور سیاسی‌یە ساڵی ١٣٧٨ دەستبەسەر كراو بە تۆمەتی هەوڵدان بەدژی ئەمنیەتی میللی‌و شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانەوە، لە لایەن دادگای ئینقلاب لە شاری مەهاباد حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر ئەم حوكمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ زیندانی تاهەتایی داشكا.

ناوبراو لە كاتی دەستبەسەركرانی‌دا كچێكی ٣ ساڵانەی بووە، بەڵام ئێستا پاش تێپەڕینی ١٦ ساڵ بۆ تاقە ڕۆژێكیش نەیتوانیوە لە نزیكەوە لەنێو بنەماڵەكەی خۆی‌دا بێ.

ماوەی ١٦ ساڵە عومەر فەقێ‌پوور، زیندانیی سیاسیی كورد لە زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج‌دا بەند كراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی كە ناوبراو مافی مەرەخەسی‌و تەنانەت لێخۆشبوونیش دەیگرێتەوە، کەچی تا ئێستاشی لەگەڵ بێ لەم مافە بێبەش كراوە.

عومەر فەقێ‌پوور پاش دەستبەسەركران‌و سەپاندنی ئەم حوكمە لە زیندانەكانی پیرانشار، مەهاباد‌و ورمێ‌دا توند كرتوەو پاشان بۆ زیندانی ڕەجایی شار گوازراوەتەوە.

ڕۆژنامەنووس بەهمەن ئەحمەدی ئەموویی كە بۆ ماوەی ٥ ساڵ هاوبەندی ئەو بووەو پاش تێپەڕكردنی ماوەی حوكمەكەی ئازاد كراوە، پێشتر لە نێو زیندان‌دا نامەیەكی بۆ خێزانەکەی نووسیبوو. ناوبراو لەم نامەیەدا گوتبووی: ماوەی چەند ساڵە کە عومەر فەقێ‌پوور مافی چاوپێكەوتنی بنەماڵەكەی پێ نادرێ، فەقێ‌پوور لەنێو زیندان‌دا بەردەوام بەم جۆرە دەردەكەوێ: هەمیشە بە بێدەنگی لەبەردەم تەلەڤیزیۆن دادەنیشێ‌و لە حاڵێك‌دا كە سەیری فیلم‌و سێریاڵ دەكا، ئازا و بە دەستوبرد میل لە دەستی‌دا دەگێڕێ‌و خەریكی چننی كیف‌و قایشی شاڵوارە، تا لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆی لە نێو زیندان‌دا دابین بكا.