دەسبەسەرکرانی چەند چالاکی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندیی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، ڕزگار محەممەدی لە ناوچەی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندان تا کاتی دادگایی کردنی بە بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەن ئازاد کرا.
هەروەها عادل بەخشووری تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی شارەدیی پەسویی ناوچەی پیرانشار ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکان دەسبەسەر و ڕۆژی ٢٥ی ڕیبەندان بۆ ماوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵێکی تر مادح فەتحی خەڵکی سنە کە ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان بە بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەن تا کاتی دادگایی کردنی ئازاد کرا.
سەحەر کازمی هاوژینی ناوبرا کە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز لە لایەن دادگای سنەوە دەسبەسەر کرابوو، لە لایەن دادگاوە بە پێنج ساڵ زیندانی حوکم درا. سەحەر کازمی چالاکی مەدەنی و ژیبگە پارێزییە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاویژی ئەمساڵ جارێکیتر دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
بەپێی هەواڵێکی تر ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، زانیار دەباغیان چالاکی کرێکاریی بە تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزام و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان بە یەک ساڵ زیندانی حوکم درا.
ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندان، موختار ئەسەدی چالاکی سینفی مامۆستایان بە شێوەیەکی نایاسایی دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا. ناوبراو ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕ دوای یەک ساڵ مانەوە لە زیندانی ئەوین ئازاد کرابوو.
بەپێی هەواڵێکی تر ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی سیروان قوربانی چالاکی ژینگە پارێزیی خەڵکی کامیاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.