پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا

لەیلا قادری

یاسای بنەڕەتیی هەر وڵاتێک بە بەڵگەنامەیەکی گرینگ دادەنرێ کە نە تەنیا ناوەندەکانی دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەڕوونی دەستنیشان کردووە، بەڵکوو ئالییەت و میکانیزمەکانی پەیوەندیی ئەو ناوەندانەشی لەگەڵ یەکتر ڕێک خستووە، لە لایەکی دیکەوە ئەو یاسایە میکانیزمی پەیوەندیی ناوەندەکانی دەسەڵاتیشی لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەش دیاری کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەتوانین لە نێوئاخنی یاسای بنەڕەتیی وڵاتاندا بەوەش بگەین کە ڕێوشوێنی پەیوەندییەکانی هاووڵاتیان لەگەڵ یەکتر چۆن داڕێژراوە. ئەوە پێشەکییه‌کی کورت بوو بۆ ئەوەی بەکورتی ئاوڕێک لە یاسای بنەڕەتی ئێران بدەینەوە و بزانین لەوەتی لە ئێران یاسا هەیە، چەندە مافی ژنی تێدا ڕەچاو کراوە.

بۆ یەکەمجار ساڵی ١٢٨٥ی هەتاوی یاسای بنەڕەتی لە ئێران داڕێژرا، واتا شۆڕشی مەشرووتە بووە هۆی ئەوەی یاسای بنەڕەتی لە ئێران لەدایک بێ،

هەر ئەو یاسایەش نوێخوازیی لە ناوەندە سیاسییەکانی ئێراندا هێنا ئاراوە و گرینگی بە پارلمان و هەڵبژاردن دا و باسی لەوەش کرد کە ئیتر دەسەڵاتەکانی شا، تەنیا دەبێ ته‌شریفاتی بێ و نوێنەرانی خەڵک و پارلمان سیاسەتی وڵات دابڕێژن؛ بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە باسەکەی ئێمەوە هەیە _کە پێوەندیدارە بە پرسی ژنان و مافی ژنان لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا_ دەبێ بڵێین لەو یاسایەدا هیچ ئاماژەیەک بە مافی ژنان نەکرابوو، تەنیا له‌ مادەی ١٠ی یاسای بنەڕەتیدا باس لەوە دەکا کە کەسانی ناباڵغ، دواکەوتووانی زەینی و شێتەکان و ژنان نەک هەر بۆیان نییە خۆیان بۆ پارلمان بپاڵێون، بەڵکوو مافی دەنگدانیشیان نییە، دیارە یاسای بنەڕەتی مەشرووتەش بەدەر نەبوو لە کاریگەری و هەژموونیی ئایینی ئیسلام و لە نێو ئەو ئایینەشدا مەزهەبی شیعە.

هەرچەندە ڕێژیمی پەهلەوی هەوڵی دا گرینگی بەو بەشە لە یاسای بنەڕەتی نەدا، بەڵام دواجار لەگەڵ دژایەتیی زۆر بەرەوڕوو بووەوه‌ و بەتایبەت پیاوانی ئایینی دەنگدانی ژنانیان بە دژی ئایین و ئیسلام دەزانی و پێیان وابوو یاسای بنەڕەتی نابێ لە بنەماکانی دین لابدا. بەڵام دە ساڵ پێش شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەو کاتەی کە ئاستی خوێندەواری لە نێو ژناندا بەرز بووەوە و تا ڕادەیەک ژنان هەستیان بەو هەمووە غەدر و جیاکارییە کرد، مادەی ١٠ی یاسای بنەڕەتی هەموار کرایەوە و ژنان لە هەندێک مافی وەک دادوەری، نوێنەرایه‌تی لە پارلمان و بەشداریی ئازادانە لە چالاکییە هونەرییەکاندا بەهرەمەند بوون. بەهەر حاڵ ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی، ئیتر ئێران پێی نایە قۆناغێکی دیکەی ژیانی سیاسییەوە، دواتر لە ساڵی ١٣٥٨ یاسایەکی بنەڕەتی کە بنەماکانی ئایینی ئیسلام بە خەستی له‌وێدا ڕەنگی دابووەوە، خرایە بەردەم ڕای گشتییەوە. مادە و بەندەکانی ئەو یاسایە ئەوەندە ناڕوون و ئاڵۆزە کە بۆ شیکردنەوەی هەر مادە و بڕگەیەکی دەبێ بگەڕێنەوە سەر ئایینی ئیسلام و لەنێو ئەو ئایینەشدا مەزهەبی شێعە و لە نێو ئەو مەزهەبەشدا فیقهێکی دیاریکراو، جا ئەوەندەی پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، بەیەکجاری مافەکانی ژنانی تێدا بەرتەسک کرایەوە، واتە ئەگەر بۆ شیکردنەوەی مافی ژنان پەنا بۆ هەر سەرچاوەیەکی ئیسلامی لە میانەڕه‌و ڕا بگرە تا دەگاتە توندڕەوەکان ببەین، بەهیچ شێوەیەک و لە هیچ بابەتێکدا یەکسانیی مافی ژن و پیاوی تێدا بەدی ناکرێ، ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر ئەو یاسا بنەڕەتییە لە ساڵی ١٣٦٨ سەر لە نوێ هەموار کرایەوە، کە ناوەندێکی نوێیان تێدا جێ کردەوە، ئەویش کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ڕێژیم بوو کە شوێنکەوتووانی کۆماری ئیسلامی دڵیان پێی خۆش بوو، ئەویش لەبەر ئەوەی لە یاسای بنەڕەتیی هەموارکراودا، یەکێک لە دەسەڵاتەکانی ئەو کۆڕە ئەوە بوو کە دەتوانێ ئەو یاسایانە پەسه‌ند بکا کە شووڕای نیگابان ڤێتۆیان دەکا. دیارە لێرەدا پێویستە بڵێین کە شووڕای نیگابان لە بەرزترین ناوەندەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە و یەکێک لە ئەرکەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندنی یاساکان و گونجاندنیانە لەگەڵ بنەمای ئایینی ئیسلام، هەر یاسایەکیش لەگەڵ ئەو بنەمایانە یەک نەگرێتەوە ڤێتۆی دەکا. بەڵام هەر وەک وتمان کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ڕێژیم دەسەڵاتی ئەوەی هەیە یاسا ڤێتۆکراوەکان پەسه‌ند بکا بە مەرجێک دوو لەسەر سێی نوێنەرانی مەجلیس پێداگری لەسەر پەسه‌ندکردنی یاساکە بکەن. شوێنکەوتووانی کۆماری ئیسلامی و ڕیفۆرمخوازان وای بۆچوون، کە پێدەچێ ئەو سیستەمە هەستی بە کەموکووڕییەکانی خۆی کردبێ و ئێستاش دەیهەوێ هەنگاو بەرەو سیستمێکی عورفی بنێ و خەریکە کێشە و نەهامەتییەکانی کە بەسەر خەڵکی هێناوە، بە میکانیزمی نێوخۆیی خۆی ڕێگەچارەی بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام بەداخەوە ڕەوتی کاری کۆماری ئیسلامی هەر وەک خۆی، دژە مرۆیی و دژە ژن بەڕێوە دەچێ و کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیش نەیتوانی یان نەیویست هیچ گۆرانێک بێنێتە ئاراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە مەجلیسی شووڕای ئیسلامیش پێداگری لەسەر پەسه‌ندکردنی هیچ یاسایەک نەکردووە کە لە بەرژەوەندیی ژندا بێ.

ڕوون و دیارە کە بناغەی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ئایینی ئیسلام داڕێژراوە، هەر وەک مادەی ٥٦ی یاسای بنەڕەتی کە دەڵێ؛ حاکمی تاک و تەرای جیهان و مرۆڤ هەر خودایە و، هەر ئەویش مرۆڤی کردووەتە بڕیاردەری چاره‌نووسی کۆمەڵایەتیی خۆی. هەروەها مادەی پێنج دەڵێ؛ تا کۆتایی غەیبەتی وەلی عەسر لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ویلایەتی ئەمر و ئیمامی ئۆممەت (میللەت) لە ئەستۆی فەقیهێکی عادڵ، چاکەکار، زانا بە سەردەم، چاونەترس و کارزان و شارەزایە. کەواتە لێرەدا ڕوون دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خەڵک دەخاتە ئەستۆی ئاسمان و ڕێوشوێنی ژیانی خەڵکیش بەپێی ئایینی ئیسلام دادەڕێژرێ. بۆ ئەو مەبەستەش ولی فەقیهی دیاری کردووە، کە هەموو دەسەڵاتەکانی لە ئەستۆیە، مادەی چواری یاسای بنەڕەتی بەتەواوی ئەو دەسەڵاتەی یەکلا کردووەتەوە و دەڵێ: «سەرجەم یاسا و ڕێسا مەدەنی، سزایی، دارایی، ئابووری، ڕۆشنبیری و سەربازی، سیاسی و هەتا دوایی دەبێ بەپێی بنەماکانی ئیسلام بێ. ئەو مادەیەش بەسەر سەرجەم مادە و بەندەکانی یاسا و دەستووردا زاڵە». دیارە نێوەرۆکی مادەی ٧٢ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیش هەر ئەو شتە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێ؛ مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی بۆی نییە یاساگەلێک دابڕێژی و پەسه‌ندی بکا کە لەگەڵ پێڕەو و بنەما و یاسا و ڕێسای مەزهەبی فەرمی وڵات دەستووری بنەڕەتی  ناکۆک بێ». هەرچەندە ڕێژیمی پێشووی ئێران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش بەشێک لە بەند و بنەما گرینگە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیان واژۆ کردووە، بەڵام لە ئەساسدا سەرچاوەی یاسادانان بۆ دانانی یاسا جگە لە ئایین پشت بە هیچ بنەمایەکی دیکە نابەستێت. هەر وەک دەزانن، حکوومه‌تی ئه‌و کاتی ئێران له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، واژۆی لەسەر جاڕنامه‌ی سی مادەیی مافی مرۆڤ کرد. کە ئەوی پەیوەندی بە ژنەوە هەیە جاڕنامەی مافی مرۆڤ جەخت لەسەر یەکسانیی ژن و پیاو لە مافەکانیاندا دەکاتەوە، کە بە پێچەوانەوە لە یاسای ئێراندا مافی ژن بەتەواوی ونە. ڕێژیمی پێشووی ئێران لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاویدا دوو پەیماننامەی گرینگی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤی واژۆ کرد کە لە لایەن هەر دوو مەجلیسی شووڕای میللی و مەجلیسی سەنای ئەو سەردەمی ئێرانیش پەسه‌ند کران، بەڵام بەمحاڵەش ئیمتیازەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان و یەکسانیان لە مافدا کە لەو دوو پەیماننامەیەدا ئاماژەی پێ کرابوو، لە ژیانی ژنانی ئێراندا ڕەنگی نەدایەوە. دیارە بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی ئەگەر پارلمانی هەر حکوومەتێک پەیماننامە یان هەر بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتی واژۆ بکا، ئیتر لەسەر ڕێژیم و حکوومەتەکانی دوای ئەویش دەبێتە فەڕز  کە بۆ هەمیشە پابەند بە جێبەجێکردنی بن، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێ کە ڕێژیمی نوێ بەپێی ئەو بەڵگانەی کە دەیخاتە ڕوو؛ ڕای بگەیەنێ کە واژۆی وڵاتەکەی لەسەر ئەو پەیماننامەیە وەردەگرێتەوە، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو کارەی نەکردووە و سەرەڕای ئەوەی واژۆکەی وەرنەگرتووەتەوە، تا ئێستا هەڵوەشانەوەی مادەی نۆیەمی یاسای مەدەنی ئێران کە لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوی پەسه‌ند کراوە، ڕانەگەیاندووە. بۆ بەرچاوڕوونی دەبێ بڵێین؛ بەپێی مادەی نۆیەمی یاسای مەدەنی سەرجەم ئەو پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی کە پارلمانی ئێران واژۆی لەسەر کردوون یان دەیکا، پێویستە جێبەجێ بکرێن. کەواتە ئەگەر یاساکانی ئێستای کۆماری ئیسلامیش پشتگوێ بخەین، ژنان مافی خۆیانە بەپێی ئەو پەیماننامە نێودەوڵه‌تییانەی ئێران واژۆی کردوون، داوای یەکسانی بکەن. بۆیە ژنان دەتوانن بە پشتبەستن بەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییانەی ئێستاش لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەهای یاساییان هەیە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی کاریان پێ دەکا، داوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دیباچە و پێشەکیی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، شوناسی ژن گرێدراوی ئایینی ئیسلامە و بەدیهاتنی مافەکانی ژن بەسراوەتەوە بە چوارچێوەی خانەوادە و، ژن بوونەوەرێکە کە تەنیا لە خێزاندا مانا پەیدا دەکا. یاسادانەران جگە لەوه‌ی خودی ژنیان به‌ مەکتەبی بوون دیاری و، پەروەردەی کەسانی مەکتەبیشیان وەک سەرەکیترین و جەوهەریترین ئەرکی ژن پێناسه‌ کردووە. واتە ژن بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، تەنیا مەکینەیەکە و فەڕزە لەسەری کەسانی مەکتەبی بەرهەم بهێنێ و….

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین، لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی مێژووی هاتنەسەرکاری بە ئۆرگانیزکردنی کۆمەڵە کەسانێکی سوننەتی دەمارگرژ وەک بەسیج لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە بە بەرنامەڕێژی ئایەتوڵڵاکانی وەک میسباح یەزدی هەوڵی بێبەشکردن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دەدەن، ژنان و پیاوانی وشیار و چاونەترس دەبێ بە ئەرکی خۆیان بزانن و لەبەرامبەر ئەو نادادپەروەرییانە وەدەنگ بێن. ئەوە ڕاستییەکە کە هەمیشە گۆڕینی کولتوور لە گۆڕینی یاسا زۆر زەحمەتترە، بەپێچەوانەشەوە بە گۆڕێنی یاسا ئاسانتر کولتوور دەگۆڕدرێ، بەڵام بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران گۆڕینی ڕێژیم باشترین چارەسەرە.

***