ئێران لە «ستراتێژیی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ»دا

و: کەماڵ حەسەنپوور

فارین پاڵیسی – مایک پۆمپیۆ

چاوبرسییەتیی ڕێژیم بۆتە هۆی کەلێن لە نێوان خەڵک و ڕێبەرانیان، کە کاری کاربەدەستانی دژوار کردووە کە بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو لاوانی ئێران هان بدەن تا پێشڕەوی جیلی داهاتووی شۆڕش بن. ئایەتوڵڵاکانی خوازیاری حکومەتی ئایینی دەتوانن شەو و ڕۆژ دروشمی «مردن بۆ ئیسڕائیل» و «مردن بۆ ئامریکا» بدەن، بەڵام ناتوانن دووڕوویی قیزەوەنەکەیان بشارنەوە. محەممەد جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوە، دەرچووی زانکۆکانی سان فرانسیسکۆ و دێنڤەرە و عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری پایەبەرزی ڕێبەری گەورە، لە زانکۆی جان هاپکینز خوێندوویەتی. خامنەیی بۆخۆی ئوتومبێلی بی ئێم دەبلیوی سوار دەبێ و داواش لە خەڵکی ئێران دەکا کە کەلوپەلی ئێرانی بکڕن. ئەو دیاردەیە وەک هی یەکیەتیی سۆڤیەت لە حەفتا و هەشتاکانی زایینی دەچێ، کاتێک کە نێوەرۆکی شۆڕشی ١٩١٧ بە هۆی دووڕوویی ڕێبەرەکانەوە دەرکەوت کە دروشمی بێ کردەوەیە. دەفتەری سیاسی چیدیکە نەیدەتوانی بە شێوەیەکی جیددی بە شارۆمەندانی سۆڤییەت بڵێ کە باوەش بۆ کۆمۆنیزم بکەنەوە لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی سۆڤییەت بۆخۆیان شاڵواری جین و قەوانی گرووپی موزیکی بیتڵیان بە قاچاخی دەفرۆشت.

ڕێبەرانی ئێران، بە تایبەتی ئەوانەی لە بەڕێوەبەریی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیدان، وەک قاسم سولەیمانی، سەرۆکی هێزی قودس، دەبێ ناچار بکرێن کە ئاسەوارە بەژانەکانی توندوتیژیی و بەرتیلخۆرییان هەست پێ بکەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ڕێژیم لە ژێر کۆنتڕۆڵی ویستی خۆ دەوڵەمەند کردن و ئایدیۆلۆژی شۆڕشگێرانە دایە کە ناتوانی بە ئاسانی خۆی لێ ڕزگار بکا، گەمارۆکان دەبێ سەخت بن بۆ ئەوەی کە عادەتە ڕیشە داکوتراوەکان بگۆڕدرێن. بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ ئەو گەمارۆیانە دووبارە دەسەپێنێتەوە کە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی هەڵگیرابوون، یەکەم گەمارۆکان لە ٧ی مانگی ئاگۆست سەپێندرانەوە و پاشماوەکانیش لە ٥ی نۆڤەمبەر. ئێمە بەتەماین کە هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە دونیادا، ئەگەر بکرێ تا ٤ی نۆڤەمبەر بگەیەنینە سفر. وەک بەشێک لە کەمپەینی تێکشکاندنی پشتیوانیی دارایی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریستان، ئێمە هەروەها کارمان لەگەڵ ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی کردووە تا ڕایەڵەی ئاڵووێری دراو کە میلیۆنان دۆلاری بۆ هێزی قودس دابین دەکرد لێک هەڵوەشێنین.  وڵاتە یەکگرتووەکان داوا لە هەموو وڵاتێک کە لە چنگ ئاکارە تێکدەرەکانی کۆماری ئیسلامیی وەزاڵە هاتوون دەکا کە یارمەتیی خەڵکی ئێران بکەن و بێنە نێو کەمپەینی گوشار. هەوڵەکانی ئێمە لە لایەن نوێنەری لێهاتووی تایبەتی ئێمە بۆ ئێران، برایان هووک، بەڕێوە دەچن.

زەختی ئابووری بەشێک لە کەمپەینی وڵاتە یەکگرتووەکانە. چاوترسێنکردن بەشێکی دیکەیە. سەرۆککۆمار ترامپ بڕوای تەواوی بە هەنگاوی ئاشکرا بۆ سڵەمینەوەی ئێران لە دەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی یا درێژەدان بە چالاکییە بەدخوازانەکانی هەیە. بەرامبەر بە ئێران و وڵاتانی دیکە، ئەو بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە تەحەموولی ملهوڕی بەرامبەر بە وڵاتە یەکگرتووەکان ناکا، ئەگەر ئاسایشی وڵاتە یەکگرتووەکان هەڕەشەی لێ بکرێ ئەو بە توندی وەڵام دەداتەوە. سەرۆک کیم زەختی ئەوی تاقی کردۆتەوە، و بەبێ ئەو زەختە ئەو هەرگیز نەدەهاتە سەر مێزی وتووێژ لە سەنگاپور. پەیوەندییە گشتییەکانی خودی سەرۆککۆمار [مەبەست لێدوانەکانی لە کاناڵی تویتەرە. و] وەک مێکانیزمی چاوترسێن کردنن. ئەو تویتەی کە لە مانگی جولای بە پیتی گەورە ئاراستەی سەرۆککۆماری ئێران، حەسەن ڕووحانی کرد، کە لەویدا ڕێنوێنی ئێرانییەکانی کرد کە دەست لە هەڕەشەکردن لە وڵاتە یەکگرەتووەکان هەڵگرن، بە گوێرەی ستراتێژییەکی حیساب بۆکراو بوو: ڕێژیمی ئێران لە توانایی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان دەگا و لێی دەترسێ. لە مانگی سێپتامبر، میلیشیاکانی عێراق هێرشێکی مەترسیداری مووشەکییان کردە سەر پێگەی باڵوێزخانەی وڵاتە یەکگرتوەکان لە بەغدا و کۆنسولخانەی ئەو وڵاتە لە بەسرە. ئێران ئەو هێرشانەی نەوەستاند، کە لەلایەن بەکرێگیراوانییەوە کە بە پارە، ڕاهێنان و چەکوچۆڵ پشتیوانیان دەکا، بەڕێوە چوو. وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێژیمی تاران بەرپرسی هەر هێرشێک دەزانێ کە ببێتە هۆی بریندار بوونی کارمەندانمان یا زەرەر بە دامەزراوەکانمان بگەیەنێ. ئامریکا بۆ پارێزگاری لە گیانی ئامریکاییان خێرا و بڕیاردەرانە وەڵام دەداتەوە.

ئێمە خوازیاری شەڕ نین. بەڵام ئێمە بە ژان بۆ ئێرانی ڕوون دەکەینەوە کە ئاژاوە نانەوە بژاردەیەکی دۆڕاوە بۆ ئێران، کۆماری ئیسلامیی ناتوانێ لە بواری سەربازییەوە خۆ لە قەرەی وڵاتە یەکگرتووەکان بدا، و ئێمە لەوە ناترسین کە ڕێبەرانی ئێران ئەوەیان بۆ دەرکەوێ.

ئێران لەقاو دراوە

بەشێکی هەستیاری دیکەی کەمپەینی زەختی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران ئەرکدارییمانە بۆ لەقاودانی دڕندەیی ڕێژیم. ڕێژیمە دیکتاتۆرییە یاخییبووەکان لە هیچ شتێک بەقەد ئاشکرابوونی ئاکارە ڕاستەقینەکانیان ناترسن. بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ درێژە بە لەقاودانی داهاتە نایاساییەکان، چالاکییە بەدخوازانەکان، هەڵسوکەوتە نایاساییەکان، و سەرکوتە دڕندانەکانی ڕێژیم دەدا. خەڵکی ئێران شایانی ئەوەن کە ئاستی سەرسوڕهێنەری ئەو بەرژەوەندیخوازییەی کە هۆکاری ئاکارەکانی ڕێژیمە بزانن. خامنەیی و هاوقوماشەکانی توانایی تەحەممولی تووڕەیی نێوخۆ و نێونەتەوەییان نییە کە ئەگەر هەموو ئەو شتەی کە بە نهێنی دەیکەن ئاشکرا بێ. لە سەرەتای ساڵی ڕابردوو، خۆپیشاندەران هاتنە سەر شەقام و هاواریان کرد، «لە سورییە گەڕێ، بیرێک لە ئێمە بکەرەوە» و «خەڵک سواڵێ دەکا لە کاتێکدا کە مەلاکان بوونەتە خودا» وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ خەڵکی ئێرانە.

سەرۆککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕۆنالد رەیگان لە کاریگەریی لەقاودان گەیشتبوو کاتێک کە گوتی یەکیەتیی سۆڤیەت «ئیمپراتورییەکی شەیتانییە.» بە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی ڕێژیمەکە، ئەو داوای هاوسۆزیی بۆ ئەو خەڵکە کرد کە لە ژێر کۆمۆنیزمدا دەچەوسانەوە. بە هەمان شێوە بە خاتری خەڵکی ئێران بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لەوە نەترساوە کە سەرکوتە بێبەزەییانە نێوخۆییەکەی ڕێژیم لەقاو بدا. ڕێژیم زۆر بە هەندێک پرەنسیپە ئایدیۆلۆژیکییەکان وەفادارە، لە ناویاندا هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێگای شەڕە بە وەکالەتەکانی و وەرگێڕانی هاوڵاتیان لە وڵاتانی خاوەن زۆرینەی موسڵمان، بەربەرەکانی ئاشتینەخوازانە لەگەڵ ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان، و کۆنتڕۆلێ تووندی کۆمەڵگا کە مافەکانی ژنان سنووردار دەکا، کە هیچ ڕوانگەیەکی جیا تەحەممول ناکا. بۆیە، دەیان ساڵە کە حاشا لە مافەکانی مرۆڤ، ڕێز، و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی خۆی دەکا. بۆیە بۆ وێنە لە مانگی مای، پۆلیسی ئێران مائیدە هۆژەبری، ژیمناستێکی تازەلاوی لەبەر دانانی سەمای خۆی لە ئینستاگرامدا دەستبەسەر کرد.

بە تایبەتی ڕوانگەکانی ڕێژیم لەسەر ژنان کۆنەپەرستانەیە. لە دوای شۆڕشەوە، ژنان ناچار کراون کە حیجابیان هەبێ، و بۆ سەپاندنی ئەوە، پۆلیسی بەربەرەکانی لەگەڵ مونکەرات لە شەقامەکان لە ژنانیان داوە و هەموو ئەو کەسانەیان دەستبەسەر کردووە کە گوێڕایەڵی ئەو یاسایە نەبوون. ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانە دژی سیاسەتی جلوبەرگی مێینە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئەو سیاسەتە شکستی هێناوە، و بێگومان خامەنەیی ئەوەی دەزانێ. لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی جولای چالاکێک حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە چونکە حیجابەکەی لادابوو.

ڕێژیم بە هەمان شێوە بەردەوام کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، لە ناویاندا بەهایی، کریستیان، و دەروێشی گونابادی دەستبەسەر دەکا، لە کاتێکدا کە ئەوان تەنیا داوای مافەکانیان دەکەن. ئێرانییەکی یەکجار زۆر لە بەندیخانەی ئێڤین، شوێنێکی خراپتر لە ژێرزەمینی لوبیانکا، بنکەی سەرەکیی مەترسیداری کاگێبێ، ئەشکەنجە کراون. ئەو زیندانییانە، لە ناویاندا چەند ئامریکایی بێتاوان کە بە تۆمەتی بێ بنەما گیراون، قوربانیی ڕێژیمێکن کە بارمتەگرتن وەک ئامرازێکی سیاسەتی دەرەوە بەکار دێنێ.

لە دێسەمبری ڕابردوودا، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکانی تاران، کەرەج، ئەراک، و زۆر شاری دیکە و بە شێوەیەکی ئاشتییانە داوای ژیانێکی باشتریان کرد. لە جوابدا، ڕێژیم لە ساڵی نوێدا لە ژانوییە ٥٠٠٠ کەسی دەستبەسەر کرد. سەدان کەس ئێستاش لە زینداندا ماون، و زیاتر لە دەرزەنێک بە دەستی دەوڵەتی خۆیان کوژراون و ڕێبەرەکان بێدەربەستانە دەڵێن ئەوانە خۆیان کوشتووە.

ئەوە لەبەر تایبەتمەندیی وڵاتە یەکگرتووەکانە کە ئێمە ئەو پێشێلکارییانە لەقاو دەدەین. هەر وەک سەرۆککۆمار ڕەیگان لە وتارێکدا لە زانکۆی دەوڵەتیی موسکۆ لە ١٩٨٨ گوتی، «ئازادی ئەو ددان پێدانانەیە کە هیچ تاکێک، هیچ کاربەدەستێک یا دەوڵەتێک، بە تاقی تەنیا ڕاست ناکا، بەڵام ژیانی هەر تاکێک بێکۆتایی بەنرخە، کە هەرکام لە ئێمە لەبەر هۆیەک هاتووینە سەر ئەو دونیایە و شتێکمان هەیە کە پێشکەشی بکەین.» لە مانگی مای، بەڕیوەبەرایەتیی ترامپ ١٢ خاڵی دەستنیشان کردن کە ئێران دەبێ جێبەجێیان بکا ئەگەر خوازیاری ئاڵوگۆڕ لە پەیوەندییەکانمانە، لە ناویاندا وەستاندنی تەواوی پیتاندنی یۆرانیۆم، دانی زانیاریی تەواو لەبارەی لایەنە سەربازییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، کۆتاییهێنان بە بڵاو کردنەوە مووشەکی بالیستیک و تاقیکارییە ورووژێنەرەکانی مووشەک، ئازادکردنی شارۆمەندە گیراوەکانی  وڵاتە یەکگرتووکان، کۆتاییهێنان بە پشتیوانیی لە تێرۆریزم و شتی زۆرتر.

سەرۆک کۆمار ترامپ بە ڕوونی گوتوویەتی کە ئەگەر ئێران ڕەچاوی ئەو ستانداردانە نەکا کە وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوبەش و هاوپەیمانەکانی و خەڵکی خودی ئێران چاوەڕوانن،  گوشارەکان زیاتر دەبن. بۆیە واشینگتۆن داوای کردووە کە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ دەبێ بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بکرێ. هەر وەک سەرۆککۆمار بەردەوام گوتوویەتی، ئەو ئامادەی گفتوگۆیە. بەڵام هەر وەک کۆرەی باکوور، وڵاتە یەکگرتووەکان تا  ئێران سیاسەتەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو و بەردەوام نەگۆڕێ درێژە بە کەمپەینی زەخت دەدا. ئەگەر ئێران ئەو ئاڵوگۆڕانە جێبەجێ بکا، دەرەتانی دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی بەربڵاوی تازە بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەبێ. ئێمە پێمان وایە کە مامەڵە لەگەڵ ڕێژیم مومکینە. ئەگەر مامەڵەیەک نەیەتە ئاراوە، ئێران تووشی تێچووی زیاتر بۆ سەرجەم چالاکییە بێبەزەییانە و تووندوتیژانەکەی لە چوار دەوری دونیا دەبێ.

سەرۆککۆمار ترامپ پێی باشترە کە کەمپەینەکەی بەتەنیا بەڕیوە نەبا، ئەو دەیهەوێ هاوپەیمانانی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی لەگەڵ بن. بێگومان، وڵاتانی دیکە هەر ئێستا تێگەیشتنی هاوبەشیان لەبارەی هەڕەشەی ئێران لە ئەگەری گەیشتنی بە خولیا ئەتۆمییەکانی هەیە. سەرۆک کۆماری فەڕانسە، ئێمانوئێل ماکرۆن گوتوویەتی، «پێویستە بەرامبەر بە ئێران لەبەر چالاکییە ناوچەییەکانی و بەرنامە مووشەکییەکەی خاوەن هەڵوێست بین.» سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، تێرێزا مەی گوتوویەتی کە ناوبراو «ئاگاداری هەڕەشەی ئێرانە دژی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی.» ئەو هاوڕاییە بەربڵاوەی کە لە بارەی هەڕەشەی ئێران هەیە هیچ ڕێگایەک بۆ ئەو وڵاتانە ناهێڵێتەوە کە لە بارەی پەیوەست بوون بە هەوڵی جیهانیی بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئێران دوودڵ بن، هەوڵێک کە مەزنە و مەزنتریش دەبێ.

هێزی ڕەوشت بەرزیی

سەرۆک کۆمار ترامپ دونیایەکی بە میرات وەرگرت کە لە زۆر بوار بە هەمان ترسناکیی ئەوەیە کە وڵاتە یەکگرتووەکان شەوی پێش دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانیی بەروەڕووی بۆوە، یا ڕاست ئەوەی پێش شەڕی دووهەمی جیهانیی، یا  سەردەمی ترۆپکی شەڕی سارد. بەڵام بوێرییە وەستێنەرەکەی، لەپێشدا لە بەرامبەر کۆرەی باکوور و ئێستا لە بەرامبەر ئێران، نیشانی داوە کە چۆن لێکگرێدانی بڕوای ئاشكرا لەگەڵ پێداگریی لەسەر بڵاونەکردنەوەی ئەتۆمیی و هاوپەیمانیی بەهێز چۆن دەبێتە هۆی بەرەوپێش چوون. هەڵوێستی سەرۆک کۆمار ترامپ بەرامبەر بە ڕێژیمە یاساشکێنەکان لەوەوە سەچاوە دەگرێ کە بەرەوڕووبونەوەی ئەخلاقیی دەبێتە هۆی سازشی سیاسی.

ئەوە نەخشەڕێگای یەکێک لە سەرکەوتنە مەزنەکانی سیاسەتی دەرەوە لە سەدەی ڕابردوودا بوو: سەرکەوتنی ئامریکا لە شەڕی سارددا. لە یەکەم حەوتووی سەرۆک کۆمارییەکەی، سەرۆککۆمار ڕەیگان ئاوا باسی یەکیەتیی سۆڤیەتی کرد: «تەنیا ئەخلاقێک کە ئیعترافی پێدەکەن ئەوەیە کە چ شتێک مەسەلەی ئەوان بەرەوپێش دەبا، بەو مانایە ئەوان ئەو مافە بە خۆیان دەدەن کە هەر شێوە تاوانکارییەک بکەن، درۆ بکەن، فێڵ بکەن.» لێكۆڵەورەکانی سیاسەتی دەرەوە گاڵتەیان بە وتەکانی کرد، پێیان وابوو ڕووڕاستییەکەی لەمپەرێک دەبن بەرەو ئاشتی. بەڵام سەرۆککۆمار بە هەمان شێوە پێداگریی کردبوو لەسەر وتووێژ لەگەڵ سۆڤیەتییەکان، فاکتەرێک کە بەشێوەیەکی بەرچاو پاشگوێ خرا. تێكەڵاویی ڕەوشت بەرزیی سەرۆک کۆمار ڕۆناڵد رەیگان لەگەڵ وردبینی سیاسی بناخەی وتووێژەکانی ١٩٨٦ لە رەیکیاویک دانا و  دواتر، هەرەسهێنانی خودی سۆڤیەت.

ئەوانی کە ئێستاش کڕنوش بۆ هەمان بڕوا بە میراتماوە دەبەن کە ڕووڕاستیی لەمپەری وتووێژە دەبێ ئیعتراف بکەن کە ڕەوانبێژیی ئامانجدار و زەختی بە کردەوە لەسەر ڕێژیمە سەرەڕۆکان کاریگەریی هەبووە و هەیە. بەو خێراییەی کە ئابووری ئێران لە لاوازبووندایە و پەرە ئەستاندنی ناڕەزایەتییەکان، دەبێ بۆ ڕێبەریی ئێران ڕوون بێ کە وتووێژ باشترین رێگای بەرەوپێش چوونە.