خۆڕاگری: شەهرام سادقی، خەڵکی کەرەج و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە درا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٦ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی “شەهرام سادقی”، کە یەکێک بوو لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، جێبەجێ کردووە و ناوبراوی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە شاری کەرەج، بە ئۆتۆمبێل هێرشی کردووەتە سەر هێزە سەرکوتکەرەکان و بەو هۆیەوە ٧ کەس بریندار بوون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتی قەزایی ڕێژیمی ئێران هیچ وردەکاری و بەڵگەیەکی سەبارەت بە ڕەوتی دادگاییکردنەکە، پارێزەر بۆ تۆمەتبار و شەفافییەتی دۆسییەکە بڵاو نەکردووەتەوە، کە ئەمە گومانی جددی لەسەر دادپەروەریی ئەم دادگاییکردنە دروست کردووە و لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بە دادگاییکردنی نادادپەروەرانە ناوی لێ دەبرێت.
جێی ئاماژەیە کە، بەپێی نوێترین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم ٥٦ کەسی بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسییەی ئەمنییەتی لە سێدارە داوە، کە ٢٧ کەسیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێرانەوە هەبووە و هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی دیکە کە بەشداربووی خۆپیشاندانەکان بوون، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و مەترسیی جێبەجێکردنی ئەو سزایە لەسەر ژیانیان هەیە.

Be the first to comment